نوچەنێت: روداو
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لەسەر سنووری باکووری کوردستان و عەفرین رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە بەردەوامی چیای قەستەل لە سنووری عەفرین بۆردوومان دەکەن. شەڕڤانانی یەپەگەش سەنگەرەکانیان لەسەر چیای قەستەل چۆڵنەکردووە و شەڕ دەکەن. هەندێک لە سەنگەرەکانیان تەنیا دوو کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورن.
پەیامنێری رووداو راشیگەیاند، لە شەوی رابردووەوە سوپای تورکیا گوندەکانی عەفرین لەبەرامبەر کیلیس تۆپباران دەکات، بەڵام هیچ پێشڕەوییەکی نەکردووە.
شەوکەت هەرکی باسی لەوەش کرد کە سوپای ئازادی سووریا دەیەوێ لە تەلڕەفعەتی ئەعزازەوە بەرەیەکی نوێی شەڕ بکاتەوە، سوپای تورکیاش دەیان تۆپهاوێژ و تانکی دیکەی رەوانەی سنووری ئەعزاز کردووە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، درەنگانی شەوی رابردوو کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا بەمەبەستی پشتیوانی لە ھێزەکانی سەر سنووری سووریا، گەیشتووەتە شاری کیلیس. کاروانە سەربازییە لە یەکە سەربازییە جیاوازەکانی تورکیا بەڕێکرابوو و لەژێر رێوشوێنی ئەمنی تووند گەیشتە ناوەندی شاری کیلیس.
دواتر کاروانەکە بەرەو سنووری سووریا بەڕێکرا، کە ژمارەیەک تانکی تێدابوو و بەمەبەستی پشتیوانی لە یەکە سەربازییەکانی سەر سنوور رەوانەکرابوون.
لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداران سوپای تورکیا و هەسەدە ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە. بەجۆرێک تورکیا دەڵێ 484 شەڕڤانی یەپەگەیان کوشتوون، یەپەگەش دەڵێت لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا 308 سەرباز و چەکداری گرووپەکانی سەر بە تورکیا کوژراون.
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان و تۆپبارانەکان لە نۆیەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون، لە رێگەی 22 فڕۆکەی جەنگی 42 پێگە خاپوورکراون و لە ئەنجامدا 37 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، لەماوەی نۆ رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا 382 پێگەی یەپەگە کراونەتە ئامانج و سەرجەمیان خاپوورکراون. لەم ماوەیەشدا ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی گیانیان لەدەستداوە، بۆ 484 شەڕڤان بەرزبووەتەوە.
جەختیشکراوەتەوە کە تاوەکو ئێستا 5 سەربازی سوپای تورکیا و 16 چەکداری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کوژراون. 11 سەرباز و 106 چەکداری ئۆپۆزسیۆن برینداربوونە.
لەبەرامبەردا هێزەکانی سووریای دیموکرات HSD ، لە هەشتەم رۆژی هێرشی ئاسمانی و زەمینی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین رایگەیاند، 43 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 8 شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان “یەپەژە” هەن. هەروەها 308 سەرباز و چەکداری گرووپەکانی سەر بە تورکیا کوژراون.