نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی کورد لەپەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، هیچ شتێکی فەرمی یان بەرنامەیەك نەبووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بێتە پەرلەمانی عێراق.
بە هۆی ناکۆکی لایەنەکان، تاکو ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٨ ی عێراق پەسەند نەکراوە. فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی هەر دانیشتنێکیانکردووە، کە پەیوەندی بە پڕۆژە یاسای بودجەوە هەبێت. تا ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە فراکسیۆنە سوننەکانیش دەنگی بۆ نادەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، زانا رۆستایی ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی بانگشتی حەیدەر عەبادی بۆ پەرلەمان رایگەیاند ” هیچ شتێکی فەرمی یان بەرنامەیەك نەبووە، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بێتە پەرلەمان، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەبوو ، بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ٢٠١٨ ی عێراق بێتە پەرلەمان، پەرلەمانتارانی شیعە هەموو ئامادەبکەن و بەزۆرینە تێی پەرێنن”.
لەبارەی کاتی هاتنی حەیدەر عەبادی بۆ پەرلەمان، ئاماژە بەوە دەکات، تاکوئێستا هیچ وادەیەك دیاری نەکراوە و هاتنیشی رۆنیش نییە.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایافراکسیۆنەکوردیەکان لەگەڵ ئەوەن، حەدەر عەبادی بێتە پەرلەمان؟ زانا رۆستایی گوتی” ئێمە لەگەڵ هاتنی بۆ پەرلەمان کێشەمان نییە، ئەگەر بێتە پەرلەمان پرسیاری زۆرمان هەیە، بەڵام بێت یان نەیەت ئەگەر پڕۆژە یاسای بودجە دەستکاری نەکرێت، ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردییەکان ناچینە هۆڵی پەرلەمان”.