نوچەنێت
ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی، داوای راگرتنی دەست بەجێی هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین دەكات. بۆ ئەوەی لەمە زیاتر زیان بەپەیوەندییە بازرگانیو ئابورییو كلتورییەكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان، نەكەوێت.
ئهمڕۆ ههینی ٢٦-١-٢٠١٨، بەپێی راگەیەندراوێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ماوەی هەفتەیەكە كانتۆنی عەفرین لەرۆژئاوای كوردستان، روبەرووی پەلاماردانو هێرشی سوپای توركیا بوەتەوە، رۆژانە عەفرینو ناوچەكانی سەر بەم كانتۆنە لەلایەن فڕۆكە جەنگیەكانی توركیاوە تۆپباران، موشەك بارانو بۆردومان دەكرێن ، لەئەنجامی ئەم هێرشانەدا خەڵكی سڤیل بەئاگری شەڕ دەسوتێنو دەبنە قوربانی سەرەكیو لەسەر ماڵ و زێدی خۆیان هەڵدەكەنرێنو ئاوارە دەبن.
ژووری بازرگانی سلێمانی وێڕای ئیدانەكردن، داواكارن بەزوترین كات ئەم هێرشو پەلاماردانەی توركیاو چەكدارە هاوپەیمانە سورییەكانی بۆ سەر عەفرین، رابگیرێتو چیتر كوشتارو كۆمەڵكوژی دەرهەق بەكوردی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامنەدرێت، چونكە هەمو دنیا ئەو راستییە باش دەزانن كە عەفرینو كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان، نمونەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو تەبایی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی سوریا بوون. لەماوەی ساڵانی رابردودا پەناگەی هەزاران مرۆڤی لێقەوماوی ناوچەكانی سەرتاسەری سوریا بون، كە لەتاو شەڕو كوشتارو توندوتیژیی وەك دەڤەرێكی ئارام رویان تێكردوە..
ژوری بازرگانی سلێمانی دەڵێت “چاوەڕوان بوین دەوڵەتی توركیا “چڵە زەیتون”ی ئاشتی بەرامبەر بەعەفرینو رۆژئاوای كوردستان بەرزبكاتەوە، نەك ئەوەی پەنا بباتە بەر بەكارهێنانی چەكو توندوتیژیی ناڕەواو “چڵە زەیتون”ەكەی خوێنی لێبچۆڕێت”.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەحوكمی ئەو پەیوەندییە بازرگانییە فراوانەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا هەیەتی، كە یەكێكە لەشەریكە بازرگانیییە یەكەمەكانی لەئاستی دنیادا، ژووری بازرگانی پشتیوانی تەواویان بۆ خەڵكی سەربڵندی عەفرین دەردەبڕنو داواكارن لەدەوڵەتی توركیا، دەستبەجێ هێرشەكانی بۆ سەر كانتۆنەكانی عەفرینو رۆژئاوای كوردستان رابگرێت، بۆ ئەوەی لەمە زیاتر زیان بەپەیوەندییە بازرگانیو ئابورییو كلتورییەكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان، نەكەوێت.