عەبادی لە داڤۆس: مەترسی گەڕانەوەی داعش هەیە

0

نوچەنێت: روداو

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە داڤۆس باسی زانیارییەکی هەواڵگریی کردووە لە خۆکۆکردنەوەی داعش لە سووریا بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دەورووبەر بەتایبەتی عێراق. هاوکات گوتی، ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەعێراق نییە.

هێمن لهۆنی نێردراوی رووداو لە داڤۆس باسی سێیەم رۆژی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسی کرد و گوتی ، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ لە داڤۆس رەنگدانەوەی هەبوو ، دوای ئەوەی شەوی رابردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە ، راگەیێندراوێکی دوور و درێژ لەلایەن لایەنی عێراقییەوە بڵاوکرایەوە و ئەمڕۆ کاردانەوەی لێکەوتەوە. عەبادی ئەمڕۆیش لە پانێڵەکەیدا ئەو خاڵانەی باسکردەوە کە لە راگەیێندراوەکەدا هەبوو ، بۆیە چەند کاژێرێک دوای ئەوە ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس وەڵامی دایەوە و گوتی ، راگەیێندراوەکە راست نییە و بێ بنەمایە.

نێردراوی رووداو لە داڤۆس دەڵێت ، یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە منی راگەیاند ، کۆبوونەوەکە تەنیا 7 خولەکی خایاندووە و پێیان سەیرە ئەو هەموو پرسەی لە راگەیێندراوەکەدا باسی لێوەکراوە چۆن دەبێت لەو 7 خولەکەدا باسکرابێت؟. ئەو بەشداربووەی کۆبوونەوەکە باسی ئەوەشیکرد کە عەبادی ، لە کۆبوونەوەکان زۆر نەرمە کەچی لە راگەیێندراوەکاندا بەمشێوەیە دەبیندرێت کە رەنگە هۆکارەکەی پرسی هەڵبژاردن و ئەو دۆخە ناوخۆییەی عێراق بێت.

عەبادی ئەمڕۆ پانێڵێکی هەبوو لە داڤۆس ، باسی لە قۆناخی دوای داعش کرد لە عێراق  و باسی لەوەکرد ئێستا عێراق سەقامگیرە و کاتی ئەوەیە وەبەرهێنەرە بیانییەکان بێنە عێراق و پێکەوە عێراق ئاوەدان بکەنەوە.

هێمن لهۆنی گوتی ، لەدوای گوتارەکەی ، عەبادی لەگەڵ رۆژنامەڤانێکی ئەمریکی قسەیکرد و باسی لەوەکرد کە بەپێی دەزگای هەواڵگریی عێراقی ئێستا چەکدارانی داعش لە سووریا خۆیان کۆدەکەنەوە لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی یەپەگەن و لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی ئەسەدن، ئەوەش بەبەرچاوی ئەمریکا و رووسیاوە کە من لەوە تێناگەم بۆ ئەمریکا و رووسیا لەوە بێدەنگن ، داعش دەیەوێت خۆکوژ بنێرێتەوە بۆ وڵاتانی دەورووبەری سووریا و جارێکی دیکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە عێراق.

رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە پرسیاری رۆڵی ئێرانی لە عێراق کرد و عەبادی گوتی ، ئێران سفر کاریگەری لە عێراق هەیە. رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە بە سەرسووڕمانەوە پرسیاری لە عەبادی کردەوە دڵنیای لەوەی کە ئێران هیچ کاریگەری نییە؟ ، عەبادی گوتی ، بەڵێ ئێران هیچ کاریگەریی نییە لەسەر بڕیاردان لەعێراق.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com