نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێشنیارکراوە، کە ٩ بۆ ١١ئەندام بەدەنگدان دەستنیشان بکرێت، بۆ سەرپەرشتی کردنی یەکێتی تاکو بەستنی کۆ نگرە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥-١-٢٠١٨، بۆ جاری دووهم ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سكرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، محەمەد وەتمان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند”لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنج شەممە هیچ بڕیارێک نەدراوە، تەنها پێشنیار کراوە، هەموو بابەت و پێشنیارەکانیش گفتو گۆیان لەسەر کرا و بەردەوامی کۆبوونەوەکەش دواخرا بۆ رۆژی شەممەی داهاتووە”.
سەبارەت بەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ باسکراوە، محەمەد وەتمان گوتی”بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێشنیارکراوە کە ٩ بۆ ١١ئەندام بەدەنگدان دەستنیشان بکرێت، بۆ سەرپەرشتی کردنی یەکێتی، تاکو بەستنی کۆ نگرە و دانانی رێوشوێنی کۆنگرە و ئامادەکاریەکانی کۆنگرە، هاوکات باسیش لە دەستنیشانکردنی رۆژی بەستنی کۆنگرەی و چەند خاڵێکی دیکە کرا”.