نوچەنێت
لە پێناو كەمكردنەوەی رۆتین و رێزگرتنی هاووڵاتیان و بە دواداچوونی گەندەڵیدا، وەزیری دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم، كارەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشكنینی دارایی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری كارا كردەوە.
بەپێی گشتاندنی ژمارە ٣٤٧ لە ٢٥-١-٢٠١٨، بەواژۆی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم، بڕیار درا بە كاراكردنی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشكنینی دارایی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری.
لە گشتاندنەكەدا هاتووە”بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ كارئاسانی و كەمكردنەوەی رۆتین و رێزگرتنی هاووڵاتیان، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشكنینی دارایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری كارا كرایەوە، كە بە شێوەی لەناكاو پشكنین و چاودێریی دارایی خۆیان ئەنجام دەدەن”.
هەروەها روونیش كراوەتەوە كە”پێویستە هەماهەنگی بكرێت لەگەڵ لایەنی پەیوەندار بۆ دواداچوون و چاودێریی سامان و موڵكی گشتی، لەگەڵ داواكاری گشتی، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەسپاكی”.
لە خاڵێكی دیكەی گشتاندنەكەدا باس لەوەش كراوە كە، پێویستە فەرمانگاكان ئاگادار بن و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بكەن لە كاتی بوونی هەر گەندەڵی و لادانێكی داراییدا.