نوچه‌نێت
له په‌راوێزى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهاندا له داڤۆس، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ را‌شد غه‌ننووشی سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكى پارتى نه‌هزه‌ى تونسى كۆبووه‌وه.
له په‌راوێزى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له داڤۆس، نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان کۆبووەتەوە، لەوانەش شا عەبدوڵڵا، پادشای ئوردن؛ كارن كاراپێتیان، سه‌رۆكوه‌زیرانى ئه‌رمینیا؛ جێفرى فێلتمان، جێگرى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سیاسى؛ حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ را‌شد غه‌ننووشی، سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكى پارتى نه‌هزه‌ى تونسى كۆبووه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین دۆخى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى فیدراڵ و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێكراون.
نێچیرڤان بارزانى و را‌شد غه‌ننووشی جه‌ختیان له په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى تونس له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرده‌وه، به‌تایبه‌تیش له بوارى ئابوورى و بازرگانیدا، له‌وباره‌وه هه‌ردوولا كردنه‌وه‌ى كونسڵخانه‌ى تونسیان له هه‌ولێر به‌پێویست زانى.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و ئه‌و كێشانه‌ى هاتوونه‌ته ئاراوه به‌گشتى و دیالۆگ و گفتوگۆ، كه باشترین شێوازه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران و شاندى یاوه‌رى سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئاماده‌بوون.