نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی راکان سەعید بۆ روخاندنی خانوەکانی گەڕەکە کوردنشینەکان هەوڵێکە بۆ بە عەرەبکردنی کەرکوك.
بەپێی نوسراوێك، کە رۆژی ٢١-١-٢٠١٨ دەرچووە و فەرمانی راکان سەعید جبوری، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەتی لەسەرە، ئاراستەی مەڵبەندی پۆلیسی “میقداد” کراوە، تیایدا داوایان لێدەکات، کە دانیشتوانی هەردوو گەڕەکی کوردستان و نەورۆز لە ناو شاری کەرکوک، ئاگادار بکەنەوە، کە تەنیا یەك هەفتەیان لە بەردەمدایە بۆ چۆڵکردنی خانووەکانیان، دەنا بە زۆر دەردەکرێن و خانوەکانیان دەروخێنن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دڵشاد پیرۆت، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، لەبارەی بڕیارەکەی پارێزگار، بۆ روخاندنی خانوەکانی هەردوو گەڕەکی کوردستان و نەورۆز- ی شاری کەرکوک، بە -بەهانەی ئەوەی خانوەکان زیادەڕەوین رایگەیاند “کارێکی باش نییە، چونکە ئەمە بڕیارێکی نایاسایی و نادەستورییە، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەك دژی ئەو بڕیارە و هەر بڕیارێکی لەو شێوەیەین، بەو شێوەیەیی، کە ئەو دەیەوێت بۆی ناچێتە سەر و ناتوانێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات”.
دڵشاد پیرۆت گوتیشی “بڕیارەکەی راکان سەعید جبوری، بۆ روخاندنی ئەو خانوانە دەچێتە چوار چێوەی بەعەرەبکردنی شاری کەرکوك و بەشێکە لەو هەوڵانەی، کە بۆ بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دراوە”.