نوچەنێت
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس کۆبوونەوە.
رۆژی سێشەممە 23-1-2018 لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاشکرایکرد، لە داڤۆس لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جەبار لوعێبی، وەزیری نەوتی عێراق کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکەشیان درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی بەغدایە.
شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی رۆژی سێشەممە 23-1-2018 گەیشتە داڤۆس و پێکهاتووە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤-١-٢٠١٨، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شا عەبدوڵڵا، پادشای ئوردن کۆبووەوە. دواتر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا کۆبوونەوە.