تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سبه‌ینێش به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگره.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٤-١-٢٠١٨، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی كۆبووه‌وه، بۆ دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگره‌ی یه‌كێتی، به‌ڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، كۆبوونه‌وه‌كه به كراوه‌یی هێڵدرایه‌وه و سبه‌ینێش سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ هه‌مان پرس كۆده‌بێته‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، ره‌هبه‌ری سه‌ید ئیبراهیم، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ركردایه‌تی و دیاریكردنی رۆژی كۆنگره‌ی حزبەکەی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی دا به شێوه‌یه‌كی مه‌بده‌ئی له‌سه‌ر ٣-٣-٢٠١٨ ڕیككه‌وتین بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره له‌و ڕۆژه‌دا، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سبه‌ینێش به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ به فه‌رمی دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگره.
سه‌باره‌ت به هۆكاری چوونه ده‌ره‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له كۆبوونه‌كه‌دا، كه وا بلاوكرایه‌وه به‌هۆی ناڕازی بوونیه‌وه بێت، ره‌هبه‌ری سه‌ید ئیبراهیم، ره‌تی كرده‌وه، كه كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌هۆی نیگه‌رانیه‌وه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جێهێشتبێت و رایگه‌یاند “كاك كۆسره‌ت به‌هۆی ناجێگیری باری ته‌ندروستییه‌وه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جێهێشت نه‌ك نیگه‌ران بوونی له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی”.
ره‌هبه‌ری سه‌ید ئیبراهیم ئاشكراشی كرد، بریاره سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆببێته‌وه و كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌ركردایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌كات.