نوچەنێت
کۆبوونەوەی ئەم ساڵی کۆڕبەندی جیهانی ئابووری بە دروشمی “دروستکردنی ئاییندەی هاوبەش لە جیهانی پڕ کێشە”. لەم ڕ1ووەوە ٤٨مین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندەکە دەستپێکرد و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان-یش بەشداری ئەم کۆڕبەندەیە.
پسپۆڕێکی ئابووری رایدەگەیێنێت، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، دەتوانن هەوڵ بدەن لەگەڵ کۆمپانیاکان قسە بکەن، نەک بۆ نەوت، نابێ لەوێ نزیکی نەوت و گاز ببنەوە، بەڵکو دەبێ خەریکی پیشەسازی بچووک و مامناوەندی بن و لەم بابەتە ئەو کۆمپانیایانە ئامادەن هاوکار بن.
کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس چییە؟
کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس[١]، بە بەشداری نزیکەی هەزار و ١٠٠ کەسایەتی دیاری جیهان و سەرۆکی وڵاتان و حکومەتەکان، وەزیری دارایی و بازرگانی وڵاتان، بزنسمان و کارگێڕی کۆمپانیا گەورەکان، کە داهاتی ساڵانەیان لە سەرو پێنج ملیار دۆلارەوەیە کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە دەبات.
کۆبوونەوەی ئەم ساڵی کۆڕبەندی جیهانی ئابووری، بە دروشمی “دروستکردنی ئاییندەی هاوبەش لە جیهانی پڕ کێشە”. لەم رووەوە ٤٨مین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندەکە دەستپێکرد؛ سەرۆکەکانی جیهان لە ئاستی جیاواز بۆ دروستکردنی روانینێكی هاوبەش بەمەبەستی باشکردنی دۆخی جیهان، لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە.
داڤۆس دەکەوێتە قەدپاڵی زنجیرە چییای ئاڵپ لە سویسرا، کۆبوونەوەکە بە گەورەترین کۆبوونەوەی ئابووری جیهان دادەنرێت.
سەرەتاکانی دەرکەوتنی داڤۆس، دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستایەکی ئابووری بە ناوی کڵاوس شواب، کە لە ساڵی ١٩٧١ کۆڕبەندێکی بچووکی بۆ بزنسمانە ئەوروپییەکان دامەزراند، بەڵام قۆناغە جیاوازەکان و ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕاوەستانی جەنگی سارد و گۆڕانکارییەکانی دواتر، وای کرد ئەم مونتەدایە فراوان بکرێت و ئێستا دیارترین و ناودارترین نوخبەی ئابووری و سیاسیی و هونەری لە جیهاندا لە خۆی دەگرێت.
کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، یەکێکە لەو کۆڕبەندانەی هەم لایەنگرێکی زۆر و هەم ڕەخنەگرێکی زۆری هەیە، لای لایەنگیرانی، داڤۆس بە قیبلەگای “لایەنگرانی گڵۆباڵیزم دادەنرێت”، ئەو کەسانەی سەرسەختانە داوای لابردنی سنورەکان دەکەن و پێیانوایە بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی یەک وڵات و یەک گروپدا بێهودەیە، بە بڕوای ئەمان “بابەتی ئابووری” گرنگترین بابەتی جیهانە. لایەنگیرانی داڤۆس، چین بە نموونە دەهێننەوە کە بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵی پرۆسەی گڵۆباڵیزمدا گەشەی کردووە و لە ئێستادا لە ١٠ بانکی گەورەی جیهان دووانیان چینین.
بەڵام ڕەخنەگرانی لە بەهای ئەم کۆبوونەوە ئابوورییە کەم دەکەنەوە و پێیانوایە، ئەم کۆبوونەوەیە تەنها نمایشی بازرگانان و دەوڵەمەندترین بازرگانان و “خۆشبەختترین کەسایەتییەکانە”، کە سەبارەت بە گەورەترکردنی قەبارەی سەروەت و سامانەکەیان دەدوێن و لایەنگیر لە نێو سیاسییەکاندا بۆ “بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی دونیا” کۆدەکەنەوە، نەک هەوڵێک بێت بۆ چارەسەرکردنی هەژاری لە دنیادا.
ئەو کۆمپانیانەى ساڵانە بۆ داڤۆس، بانگهێشت دەکرێن دەرامەتى ساڵانەى هەر یەکەیان لە سەرووى ٥ ملیار دۆلارەوەیە و دەبێت بۆ بەشداریکردن پێشوەخت، بڕی ١٢ هەزار پێنجسەد دۆلار بدەن بەو کۆڕبەندە. زۆرینەی کات نزیکەی ٤٠%ی ئەو کەسایەتییانەی بەشداری تێدا دەکەن لە ئەوروپان و ٣٥%ی لە ئەمەریکاوە بەشدارن، بەڵام ئەوانەی لە ئاسییاوە بەشدارن ٨% تێناپەڕێنێت.
شاندی هەرێمی کوردستان و داڤۆس[٢]
یەکێک لەو کەساییەتییە دیارە کوردانەی لە داڤۆسدا بەشداربووە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ئەو کات سەرۆکی هەرێم بووە) کە ماوەی دوو ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٣ و ساڵی ٢٠١٤دا بەشداری ئەو کۆڕبەندە ئابورییەی کرد.
بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا بارزانی ئامادە نەبوو جارێکی دیکە بەشداری ئەو کۆڕبەندە ئابوورییە بکات و بەشداری نەکرد . لەو کاتەدا فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند “ناوبراو بەهۆی شەڕی داعشەوە بەشداری ئەو کۆڕبەندە ناکات”.
یەکێکی دیکە لەو کەسایەتییە کوردانەی بەشداری داڤۆسیان کرد ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بوو.
داڤۆس تەنها کۆڕبەندێکی گرنگ نییە، بەڵکو پەراوێزی ئەو کۆڕبەندە هێندەی کۆڕبەندەکە جیاوازە و زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان و سەرمایەداران یەکتر دەبینن. هەروەها هەموو ساڵێکیش لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکەدا و لە شوێنێکی کەمێک دوور، چالاکوانانی ڕەخنەگر خۆپیشاندان دژی سەرمایەداری ئەنجام دەدەن.
داڤۆس بۆ جیهانگیرییە
پڕۆفیسۆر هوشیار مەعروف، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆ، لەبارەی کۆڕبەندی داڤۆس و گرنگییەکانی بە نوچەنێت-ی راگەیاند: ئەم کۆڕبەندە هەر ساڵە و لە شوێنێک دەکرێ، ئەوەی گرنگە ئەوان لە ناو ساڵەکەشدا بەینی پێنج هەتا دە کۆبوونەوە دەکەن لەسەر ئاستی هەرێمی، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە نوسینگەی هەرێمییان دروستکرد، هەروەها هاوکات رێکخراوێکیان هەیە، کە ٢٠٠٧ دەستی پێکرد، بەڵام لە ٢٠١٣ چالاکییەکانی زۆر بەرچاون، کە لەسەر بنەمای پێشکەوتنی ئابوورییە لە وڵاتان.
پڕۆفیسۆر هوشیار دەڵێت، کەرەستەی ئەو رێکخراوە، سێ رێکخراوی دیکەی، کە دروستبووە، وەک سندوقی بانکی نێودەوڵەتی، بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی، ئەمانە هەمووی بۆ جیهانگیرییە، (عەولەمە) ئێستا هەزار کۆمپانیا هەیە، کە پێشتر بڕیاریاندابوو کە دەبێ داهاتی ساڵانەیان یەک ملیار دۆلار بێت، بەڵام ئێستا پێنج ملیار دۆلارە، بۆ ئەوەی رێگری لە کۆمپانیای دیکە بکەن.
پڕۆفیسۆر ئاماژە بەوە دەدات، کە لە کۆبوونەوە هەرێمییەکان، کە هەندێکیان ئەمریکای لاتینە، ئەفریقایە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەتوانن هەوڵ بدەن لەگەڵ کۆمپانیاکان قسە بکەن، ئەوانەی بەشداری ئەو کۆڕبەندە دەبن، نەک بۆ نەوت، نابێ نزیکی نەوت و گاز ببنەوە، بەڵکو دەبێ خەریکی پیشەسازی بچووک و مامناوەندی بن و لەم بابەتە ئەو کۆمپانیایانە ئامادەی هاوکاری دەبن.
پرۆفیسۆر هوشیار گوتی، سەدان کۆمپانیای بەشدار لەو کۆڕبەندە، ئامادەن و دێن و ئەو پیشەسازییە بچووکانە کۆدەکەنەوە، ئەمە لە بەریتانیا لە ساڵانی سییەکان دەستی پێکرد و تائێستا زۆر سەرکەوتوو بووە بارەگای رێکخراوەکە بۆ پیشەسازی بچووک لە بانکۆکە، هەوڵ دەدرێ ئەو پیشەسازیانەی ١٠ تا ١٥ کەسن، کۆیاندەکاتەوە تا بەرهەمی گەورە دروست بکەن، چونکە بەرهەمهێنانی بچووک تێچووی زۆرە و توانای ((مونافسەی)) بازاڕی نییە و سەرکەوتوو نابێ، بەڵام ئەگەر بوو بە هەزار پیشەسازی و پێکەوە لە ژێر یەک سەقف بوون دەتوانن کاری زۆر گەورە بکەن.
لە بارەی گەشەی ئابوری کوردستان، پرۆفیسۆر هوشیار مەعروف رایگەیاند: لە کوردستان بابەتێکی دیکە هەیە، چەندین جار داوام کردووە و کەس گوێم لێ راناگرێ، ئەویش ئەو پارچە زەوییە کشتوکاڵیانەی، کە هەمانە لە کوردستان، ئەگەر لە بەینی نیو دۆنم تا سێ چوار دۆنمە بەشێوەی مامناوەندی، بەڵام هەیە لەوانەیە ٣٠٠ دۆنمی هەبێ، بەڵام بەگشتی لە بەینی نیو دۆنمەوە هەیە تا چوار دۆنم، کە ئەمە هیچی لە بەرهەم نایەت. لە کاتێکدا لە زانکۆکان دەرچووی بەشی کشتوکاڵمان هەیە و بێکارن، یانسەرقاڵی کاری دیکەن، چونکە هیچ شوێنێک نییە کاریتێدا بکەن. دەبێ ئەوان کۆبکەینەوە لە ژێر دەستی کۆمپانیای زۆر گەورە؛ لەکوردستان بە هەر هەموویەوە ١٢ کۆمپانیای پشکدار هەیە، بەڵام چوار هەزار کۆمپانیا هەیە، ئەو کۆمپانیا بچوکانە بەهیچ شێوەیەکی سوودیان نییە و بۆ بابەتی باجە و خەڵک سوومەند نییە؛ ئێمە دەمانەوێت کۆمپانیای (زەبەلاح) زۆر گەورە دروستبکرێ، وەک ئەو کۆمپانیایانەی، باشترین تەکنیکی سەردم بەکار دەهێنن، کە ٢٠ کێڵگەی پەلەوەر و بەرهەمی حەیوانی و…هتد کۆدەکاتەوە.
داڤۆس بۆ گەشەپێدانی کۆمپانیای نەوت بێ, هیچ سوودی نابێ
ئەو پرۆفتسۆرە پێیوایە، ئەوانەی موچەیان وەرگرت، گەورەترین ژمارە بوو لەسەر مێژووی کوردستان، کە هەموویان هێنایە ناو شارەکان و ئێستا دەست و پێ سپین و کشتوکاڵەکەشیان بیرچووەتەوە، حەزیش ناکەن بەگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان، لەزانکۆکان بەشی کشتوکاڵ دادەخەن و دەڵێن دەرچووەکان بێکارن؛ بەڵام ئەگەر کۆمپانیای گەورە دروست بکرێ بە رێکخستنێکی ئاسان، دەتوانین دەرچوانی بەشی پەیوەندیدار بکەینە ئەندام لە کۆمپانیاکە و پشکیان بدرێتێ و پشکەکانی دیکە بدرێتە خەڵکەکەی دیکە، موڵکیان هەیە، هەروەها فەرمانبەرانی حکومەت ئەولەویەتی بدرێتێ و حکومەتیش بیکاتە کەرتێکی تێکەڵاو بۆ ماوەی پێنج ساڵ و زیاتر نا، دواتر حکومەت بکشێتەوە، کە کۆمپانیا هاتە سەر پێ پارەکەی وەردەگرێتەوە.
پرۆفیسۆر هوشیار دەشڵێت ”ئێمە تا ئێشتا هیچ سوودمەند نەبووین لە کۆڕبەندی داڤۆس؛ ئەوەی بۆ گەشە پێدانی کۆمپانیای نەوت بێ هیچ سوودی نابێ، دەبێ خەریکی پێشخستنی کشتوکاڵ، پیشەسازی، خزمەتگوزاری و کەرتی گەشتیاری بین. گەشتیاری لە کوردستان باشترین گەنجینەیە بۆ گەشتوگوزاری دونیا هەم لە زستا و هەم لە هاوین”.
نێچیرڤان بارزانی، لهگهڵ ژمارهیهك له سهركردهكانى جیهان كۆدەبێتەوە[٣]
سهرۆكوهزیرانى ههرێمى كوردستان بۆ بهشداریكردن له كۆڕبهندى ئابوریى جیهان، به سهرۆكایهتی شاندێك گهیشته داڤۆس له سویسرا.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات پێکهاتووە لە هەریەکە لە قوباد تاڵهبانى، جێگرى سهرۆكوهزیران و ژمارهیهك له بهرپرسانى دیكهى ههرێمى كوردستان.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان “ئێوارهى ڕۆژی سێشهمه ٢٣-١-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانى، لهگهڵ سهرۆك، سهرۆكوهزیران، پاشا، سهركردهكانى جیهان و میوانانى باڵاى كۆڕبهندى ئابووریى جیهان له داڤۆس، بهشدارى له رێوڕهسمى پێشوازى و خوانێكى ئێواره دهكات، كه لهلایهن كڵاوس شواب، دامهزرێنهرى كۆڕبهندى ئابوریى جیهان و خاتوو هیلدێ شوابى هاوسهرییهوه رێكخراوه”.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٢-١-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا، ئاشکرای کرد “لە داڤۆس لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکەشی درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی بەغدایە”.
ڕۆژی چوارشهممه و رۆژانى دواتر نێچیرڤان بارزانى، له چالاكییهكانى كۆڕبهندهكهدا بهشدارى دهكات و له پهراوێزى كۆڕبهندهكهدا لهگهڵ ژمارهیهك له سهركردهكانى جیهان، دیدار و كۆبوونهوهى دهبێت.
لە سەر ئاستی جیهان، چەندین سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی زلهێز لە کۆڕبەندەکەدا بەشدار دەبن، لەوانەش: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا و تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا. لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، شا عەبدوڵڵا، پاشای ئوردن، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
پەیکەری ئابووری نێودەوڵەتی نەخۆش، ناکارامە و شکستخواردووە[٤]
ئاکسفام ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ ریشەکێشکردنی هەژاری و برسیەتی لە جیهان، لە راپۆرتێکیدا لە ٢٢ی جانیوەری، ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆڕبەندی داڤۆس بڵاویکردەوە و رایگەیاند “بە لە بەرچاوگرتنی ئەنجامی چالاکی و هەڵسوڕانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سەروەت لە جیهان لە ساڵی رابردوو، پەیکەری ئابووری نێودەوڵەتی نەخۆش و ناکارامە و شکستخواردوو وەسفکردووە. بەپێی ئەم راپۆرتە، نیوەی دانیشتوانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٧ لە گەشەی جیهانی، کەمترین سوودێکیان بەر نەکەوتووە.
ئاکسفام، لە راپۆرتەکەی خۆی بە ناونیشانی “کار شایستەی دەستحەقە نەک سەرمایە” لەسەر بنەمای لێکۆڵێنەوەکانی ئەنجامدراو ئاشکرای دەکات، کە ٨٢٪ سەروەتی بەرهەم هاتوو لە جیهان لە ساڵی رابردوو چووەتە گیرفانی سەدا یەکی سەرمایەدارترین لەجیهاندا. ئەم ئەنجومەنە جەخت دەکاتەوە، کە بەرز بوونەوەی رێژەی ملیاردێرەکان لە جیهان، لە نیشانەی تەندروست و گەشەی ئابوری نییە؛ بەڵکو شکستی هەیکەلی(نیزامی) ئابووری نێودەوڵەتی ئێستایە.
ئەنجام
هەروەک دیارە ئەم کۆڕبەندە بەستراوە بە دوو بابەتی نزیک لە یەک؛ ئەویش سیاسیی و ئابوورییە. بە گوێرەی قسەی شارەزایانی ئابووری، گرنگ ئەوەیە کورد چۆن سوود لە لایەنی ئابووری لەو کۆمپانیا گەورانەی بەشدارن وەربگرێت و بۆ چ مەبەستێک، باشتروایە باسی نەوت نەکەن.
شارەزایانی سیاسیی پێیانوایە، زۆر گرنگە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکان، چاوپێکەوتن لە ەڵ سەرۆکی وڵاتان کۆبوونەوە و دیدار ئەنجام بدرێ بەتایبەتی لەم کاتەدا یارمەتیدەر بێت بۆ هەرێمی کوردستان و بتوانری کاریگەری دروستبکات، تاکو کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەولێر و بەغدا کەم بکاتەوە.
سەرچاوە
١ـ https://fa.wikipedia.org/wiki
٢ـ http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=26191
٣ـ http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=56336
٤ـ http://fa.rfi.fr/ns2018-01-23