نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بودجەی ٢٠١٨ ی عێراق بەڵگەیە بۆئەوەی، کە مافی هاوڵاتی بەپێی دەستوری عێراق پارێزراونیە و ناداد پەروەری زۆری تێدایە.
بەهۆی ناڕازی لایەنەکان لەسەر پرسی بودجە، تاوەکو ئێستا پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ ی عێراق بکات. تائێستاش وەڵامی داواکارییەکانی کورد و سونەنە دراوەتەوە، فراکسیۆنە کوردییەکانش سورن لەسەر هەڵوێستیان، کە بەوشێوەیە دەنگ بە پرۆژەیاساکە نەدەن.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، نەجیبە نەجیب ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، لەبارەی بایکۆتی فراکسیۆنە کوردیەکان لەسەرپرسی بودجە رایگەیاند”سەرجەم فراکسیۆنە کورییەکان، ناڕازین لە سەر بودجەی ٢٠١٨ ی عێراق بەم شێوەیەی ئێستا، بۆیە تاوکو حکومەتی ناوەند رەزامەندی دەرنەبڕێت لەسەر هەموارکردنەوەی خاڵەکانی ئێمە و گۆڕانکاری لە بودجەدا نەکرێت، بەردەوام دەبین لەسەر بایکۆتکردنی هەر دانیشتنێکی پەرلەمانی کە پەیوەندی بە بودجەی ٢٠١٨ عێراقەوە هەبێت”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی ماژە بەوە دەکات، کە جگە لە فراکسیۆنە کوردیەکان سونەکانیش ناڕازین لەسەر پرسی بودجە و رازی کردنی سونە ئاسانە، لەبەرئەوەی کێشەی ئەوان تەنها کێشەی بودجەیە، بەڵام کێشەی ئێمە زیاتر سیاسییە.
دەشلێت”لەئێستا پەرلەمانتارەکان سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنن، بۆیە تێپەراندنی بودجە لەم قۆناغەدا کارێکی ئاساننابێت، بەڵام ئەگەر ئەوان هەر سوربن لەسەر تێپەراندنی، بەبێ کوردیش بەزۆرینە تێی دەپەڕێنن”.
هەروەها نەجیبە نەجیب، گوتی”بودجەی ٢٠١٨ ی عێراق بەڵگەیە بۆئەوەی، کەمافی هاوڵاتی بەپێی دەستوری عێراق پارێزراونیە و ناداد پەروەرییەکی زۆر لە بودجەدا هەیە، بەم شێوەی ئێستا، بەتایبەت پشکی هەرێم، بۆیە ئەوەی کە حکومەتی عێراق دەیکات شەڕێکی ئابورییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان”.