دکتۆر مەحمود عوسمان: پێویستە کورد لە ناوچە جێ ناکۆکەکان بەشداری هەڵبژاردن نەکات

0

نوچەنێت: تایبەت

کەسایەتی سیاسی سەربەخۆ، دکتۆر مەحمود عوسمان، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت، ئاماژە بە مەترسییەکانی هەڵبژاردنی عیراق لە وادەی خۆیدا دەکات و رایوایە، کە بەم جۆرەی ئێستا لە بەرژەوەندی کورد نابێت. هەروەها یەکگرتوویی کورد گەرەنتی سەرکەوتنی کوردە.

نوچەنێت: ئێستا دووهاوپەیمانی بەهێز دەرکەوتوون، لە کاتێکدا حەیدەر عەبادی و نوری مالیکی، هەردووکیان لە یەک حزبن. ئەوان چی جیاوازییەکیان هەیە؟ یان چی جیایان دەکاتەوە؟

دکتۆر مەحمود: نوری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادی، هه‌ردووكیان له‌ یه‌ك حزبن، بەڵام هه‌ر یه‌كه‌یان رای خۆی هه‌یه‌. عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیره‌ و ده‌یه‌وێت بۆ خولێکی دیكه‌ خۆی هه‌ڵبژێرێتەوەو  هه‌وڵی بۆ ده‌دات. مالیكیش خۆی سه‌رۆكی حزبه‌كه‌یه‌. ئه‌ویش لیستی خۆی هه‌یه‌، بەڵام مالیكی هه‌شت ساڵ سه‌رۆكوه‌زیر بوو، چاك یان خراپ خولی خۆی تەواوکردووە،  بۆیە دەبوایە خۆی هەڵنەبژێرێتەوە.

نوچەنێت: ئێستا هەڵبژاردن لە پێشە، فراکسیۆنە سوننەکان داوای دواخستنیان دەکرد، پێتانوایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم دۆخەدا لە بەرژەوەندی کێ دەبێت؟

دکتۆر مەحمود:  سوننەی عەرەب بەگشتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانەکانیان دەکرد. ناوچەکانیان وێران بووە و خەڵکێکی زۆریان دەربەدەر بووە و نەگەڕاونەتەوە. کوردیش بەدڵنیاییەوە هەمان کێشە هەیە. بۆیە دواخستنی باشتربوو، سەبارەت بە کورد لە ناوچەجێناکۆکەکان، دۆخێکی زۆر نالەبار هەیە و خەڵکێکی زۆر دەربەدەر بووەو لەو ناوچانە حوکمی سەربازی هەیە و حوکمی هاوبەش نییە، کە کورد و پێکهاتەکانی تری تێدا بێ، بە پێی دەستور دەبوایە حوکمی هاوبەش هەبوایە. بۆیە هەڵبژاردن لەم دۆخەدا لەبەرژەوەندی کوردیشدا نییە. بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێویست بوو هەر هیچ نەبێ کەمێک دۆخەکە هێور بێتەوە و خەڵک بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، حکومەت لە گەڵ کورد، رێککەوتن بکات و دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان ئاسایی ببێتەوە، ئەگەر وانەبێت هەڵبژاردنەکە دادپەروەر نابێ.

نوچەنێت: ئێستا چوار خاڵ وەکو مەرج بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دانراوە، ئەگەر جێبەجێ نەکرا شیعە بە تەنیا دەتوانێ بڕیاری هەڵبژاردن بدات؟

دکتۆر مەحمود: ئەگەر هەموو کورد و سوننە رازی نەبن و بیانەوێت هەڵبژاردن نەکرێت، شیعە بە تەنیا ناتوانێ، بەڵام لە ناو کورد و سوننەش خەڵک هەیە، کە لەگەڵ شیعەن و داوای دواخستنی ناکەن، لەبەر ئەوە هەموو بەیەکەوە نین، شیعە دەتوانێ لە پەرلەمانی عێراق زۆرینەی دەنگ بهێنێ تا هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ، ئەگەریش لە پەرلەمان دەنگ نەهێنێ. دەشتوانێ وەکو ئێستا کە کردی لە رێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار بدات، بەڵام ئەنجامی بۆ عێراق باش نابێت و سودی نابێ و دادپەروەر نابێت، بەڵام پێموایە لە ناوچەکێشە لەسەرەکان، (ماددەی ١٤٠)  کورد هەڵبژاردن نەکات و بەشدار نەبێ، چونکە بەپێی دەستور ئەو ناوچانە دەبێ ئیدارەی هاوبەشی هەبێ، بەڵام وانییە و تەنیا لایەنی بەغدایە، و ئیدارەیەکی سەربازییە و خەڵک دەربەدەرە.  بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوێ لەبەرژەوەندی کوردنییە.

نوچەنێت: ئێران و ئەمریکا لەسەردانانی عەبادی کۆک بوون و تا راددەیەک فەرزیان کرد، پێتانوایە ئەمجارەش هەمان شت دووبارەبکرێتەوە؟

دکتۆر مەحمود: ئەوانەی سەرکوەزیر بوون یان دەبن بە سەرۆک وەزیر، دەبێ حسابی ئێران و ئەمریکاش بکات، ئایا تا چ راددەیەک دەتوانێ؟ چونکە ئەم دوو وڵاتە رۆڵی سەرەکیان لە سیاسەتی ناوچەکە هەیە. ئێران رۆڵی باڵای لە عیراق، هەیە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە عیراق ببێتە بەرپرس، بە تایبەتی شیعە ئێرانی لا گرنگترە چونکە رۆڵی ئێران لە عیراق لە رۆڵی ئەمریکا زیاترەو هەژمونی ئەو زیاترە.

نوچەنێت: پێتوایە هەڵبژاردنی ئەمجارە رەنگدانەوەی کێشەکانی عیراق و ئەمریکای پێوە دیاربێ؟

دکتۆر مەحمود: هەمیشە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عیراق رەنگدەداتەوە، بەڵام جارێ نازانین تا چەند توند دەبێت. جار هەبووە پەیوەندی نێوان ئەمریکاو ئێران زۆر توند بووە، بەڵام عیراق ناتوانێ لایەنی ئەم دژی ئەو بگرێ و ئەوەی سەرۆکوەزیران بێ، هەوڵ بدات باڵانسێک رابگرێت. ئەوەش کارێکی ئاسان نییە.

نوچەنێت: بەرژەوەندی کورد لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ کامیان دایە؟

دکتۆر مەحمود: بەرژەوەندی کورد لەوەدایە، کە بەپێی پێوەری خۆی هاوپەیمانی بکات. بەرژەوەندی میللەت و خەڵکی کوردستان لەچیدایە؟ کام لایەن زیاتر بەرژەوەندییەکانی کورد دەپارێزێت، دەبێ لەگەڵ ئەو هاوپەیمانی  بکەن. هەر هێزێک بڕوای بەوەهەبێ خزمەتی خەڵک بکات و هاوکاری کێشەی کوردبێت، ئامادەبێ کێشە هەڵپەسێراوەکانی کورد بەپێی دەستور چارەسەربکات، دەبێ ئێمە لەو نزیک ببینەوە، مەرج نییە بڵێین فڵان کەس باشە، دەبێ کورد لەرووی بەرژەوەندییەوە هاوپەیمانی ببەستێ.

نوچەنێت: کورد چۆن دەتوانێ لە هاوپەیمانێتی گەرەنتی وەرگرێت؟  

دکتۆر مەحمود: لە سیاسەتدا گەرەنتی نییە. سیاسەت بریتییە لە تەرزاووی هێز و بەرژەوەندی و هەڵوێست، تەرەفی سێیەمیش لە نێوان کوردو حکومەتەکانی عیراقدا نییە، تا ببێتە شاهید لە نێوانیان،  لەبەرئەوە بە قەناعەتی من ناتوانی بڵێی گەرەنتی هەیە. رەنگە ئەمڕۆ لەگەڵت رێک بێت و سبەی بە هۆی گۆڕانی بەرژەوەندییەوە هەڵوێستی بگۆڕێت. ئەوە لە سیاسەتدا هەمیشە هەیە.

نوچەنێت: بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پێویستە کورد چی بکات؟

نەچەنێت: کورد دەبێ یەکگرتوو بێت. ئەگەر یەکگرتوو بێ زۆر شتی دەست دەکەوێ و دەتوانێ زۆرشت بکات، بەڵام ئەگەر بەم پەرتەوازەییەی ئێستا بڕواتە هەر هاوپەیمانێتییەکەوە، هیچی دەست ناکەوێ و سودی نییە. گەرەنتی کورد یەکریزی و یەکگرتووی و یەک بەرنامەییە. بەپێچەوانەوە ئەوەی هەشمانە دەکەوێتە مەترسییەوە.

نوچەنێت: پێناچێ کورد بە یەک لیست بچێتە هەڵبژاردنەکانەوە، زیانەکانی بۆ کورد چی دەبێت؟

دکتۆر مەحمود: ئەگەر حزبەکان عاقڵ بن و بەرژەوەندی خەڵکیان بوێت، دەبێ بەیەک بڕۆنە هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەرچەندە پێناچێ ئەوە رووبدات و ئەوەتا سێ حزب، دەیانەوێ بەجیا بڕۆنە هەڵبژاردنەکان و پێدەچێت حزبەکانی تریش هەر بەم جۆرە بن.

نوچەنێت: چاوەڕێ دەکرێت جارێکی تر دەستور بۆ چارەسەری کێسەکان بکرێتەوە حەکەم؟

دکتۆر مەحمود: هەمووی هەر باسی دەستور دەکات، تەفسیەری جیاجیا بۆ دەستور هەیە، ئایا جێبەجێکردنی چۆنە؟ کێ ئیلتیزامی پێدەکات؟ بۆیە ئەگەر بکرێ تەرەفی سێیەم لەبەینی گفتوگۆکانی کوردو عیراق هەبێ بۆ جێبەجێکردنی دەستور هەبێت، تا بزانن کێیە دەستور جێبەجێ ناکات، بەڵام پێناچێ عەبادی لە ئێستا بەوە رازی بێت.

 

نوچەنێت: ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان عیراق و هەرێم دەکەن، بەڵام عەبادی زۆر بێ باکانە وەڵام دەداتەوە پێتوایە دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێ؟

دکتۆر مەحمود: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ عەبادییە نەک کورد، پێویستە ئەوە راست بکریتەوە. لە کەرکوک ئەو هەموو روداوە قەوما، کێ بەرگری لە کورد کرد؟ کوا مەقیفی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟ ئەگەر فشاریان لەسەر هەردوولا دروستکردبوایە ئەوا عەبادی وەڵامی داواکردنی گفتوگۆی دەدایەوە.

نوچەنێت: بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانەوە کرد، بەپێی هەواڵەکان، گوتویەتی پشتیوانی لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان دەکات.

دکتۆر مەحمود: هیچ نییە، ئەو تەلەفۆن و قسانە هەمووی موجامەلەی نا بەجێیە. ئەگەر راستە پشتیوانی لە گفتوگۆ دەکەن، با فشار لەسەر عەبادی دروست بکەن. کورد لە کۆنیشدا زۆر بە قسەی زلهێزەکان هەڵخەڵەتاوە، هەڵوێست گرنگە نەک قسە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com