نوچەنێت:تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ تاران زۆر گرنگە و لە ماوەیەکی نزیکدا، ئەنجامی زۆر باشی دەبێت.
رۆژی شهممه ٢٠-١-٢٠١٨، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، گهیشته بهغدا و لهگهڵ حهیدهر عهبادی كۆبۆوە. ئێوارهی هەمان رۆژ گەیشتنه تارانی پایتهختی ئێران، دوای ئەنجامدانی ژمارەیەك کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و بڕیارە سبەی سێ شەممە، بەشداری کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئاری هەرسین سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارە ی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و تاران رایگەیاند”ئەم سەردانە بەشێکە لەو زنجیرە سەردانانەی، کە لە چەند هەفتەی رابردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەنجامیدا بۆ وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیا، پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و بەشێکن لەو لۆبییە سیاسییەی کە حکومەتی هەرێم دەیدات، بۆ دروستکردنی پەیوەندی باش و بۆچارەسەرکردنی ئەو کێشانەی، کە لە هەرێمی کوردستان هەیە”.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی لەپەرلەمانی کوردستان، دەڵیت”سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ تاران، لەهەموو سەردانەکانی دیکە گرنگتر بووە، لەبەر ئەوەی کلیلی چارەسەری کێشەکانی عێراق، لە تارانە و لەهیچ شوێنێکی دیکە نییە”.
سەبارەت بە کاریگەری سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت، ئاری هەرسین، گوتی”بە بڕوای من لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی زۆر باشی دەبێت، لە سەر بابەتی موچە، کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، مەرزەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان، هەروەها ئاسایی کردنەوەی باردۆخی کەرکوك و ناوچەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لەکاتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، چانسی بەشداریکردنیان هەبێت”.
بەرای ئاری هەرسین، کلیلی چارەسەری کێشەکانی عیراق لە تارانە” کلیلی چارەسەری چارەسەری کێشەکانی عیراق لە تارانە، ئێران رۆڵێکی زۆری هەیە، فاکتەرێکی گرنگیشە لە ناوچەکەدا. بۆیە ناتوانرێت بەگرنگ سەیرنەکرێت، دەبوایە زوتر ئەم پەیوەندیانە هەبوایە”.