نوچەنێت: تایبەت
دوای ناکۆکی فراکسیۆنەکان لە سەر وادەی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عیراق، ئەمڕۆ بەکۆی دەنگ رۆژی هەڵبژاردنەکان دیاریکرا.
فراکسیۆنە سوننەکان و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان، کۆک بوون لەسەر ئەوەی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەوەش بەهۆی هەبوونی حوکمی عەسکەری و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکان، بەڵام دادگای فیدڕاڵ بڕیاری دا کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. فراکسیۆنەکانیش بە مەرج ئەم بڕیارەیان قبوڵ کرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسین عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی کاتی دیاری کردنی وادەی هەڵبژاردنەکان راگەیاند: دوای ئەوە پێداگیری لەسەر ئەنجام دانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا لەلایەن شیعەو دادگای فیدڕاڵیشەوە کرا، دوێنێ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، لەگەڵ دادگای فیدراڵی عیراق کۆبوونەوەو بەمەرج ئەم داواکارییەیان قبوڵ کرد.
سەبارەت بە مەرجەکان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، چوار مەرج دەستنیشان کراوە، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنیان هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت.
یەکەم: رەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە کە شەڕی لێیە.
دووەم: تا کاتی هەڵبژاردنەکان، هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
سێیەم: دەنگدان بەشیوەی ئەلیکترۆنی بێت.
چوارەم: نابێ هیچ لایەنێکی چەکداری خۆی هەڵبژێرێت.
ئەگەر ئەم خاڵانە جێبەجێ نەکران، ئەوا هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت.لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم خاڵانە جێبەجێ دەکرێن؟
موحسین عوسمان دەڵێت، زۆر زەحمەتە ئەم خاڵانە لەو ماوەیەدا جێبەجێ بکرێن. کوردو سوننەش بۆیە دەنگیان داوە.