نوچەنێت: رووداو
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “هەموو نەتەوەکان لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێت لەچوارچێوەی دەستوور و یەکپارچەیی خاک بگەن بە مافە شەرعییەکانی خۆیان ، بەتایبەت کوردی عێراق.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئێران، پێش نیوەڕۆی یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران کۆبوونەوە و رووحانی لە کۆبوونەوەکەدا بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی کۆماریی ئیسلامی ئێران لەگەڵ “کوردی عێراق”، گوتی “دەبێت هەموو هەوڵەکان بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی ئێران و عێراق بەکاربهێندرێت”.
رووحانی ئاماژەی بە رۆڵ و کاریگەریی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی عێراق کرد، وەک بەشێکی گرنگ لەو وڵاتە و گوتی “سەقامگیری و ئاسایش پێویستە بۆ گەیشتن بە گەشەکردن و خۆشبژێوی، نابێت رێگە بدرێت، کە سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە بەهەر بیانوویەک تێکبدرێت”.
حەسەن روحانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی “هەموو نەتەوەکان لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت کوردی عێراق، دەبێت لەچوارچێوەی دەستوور و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتانە، بگەن بە مافە شەرعی و یاساییەکانیان”.
سەرۆککۆماری ئێران هەروەها ئامادەیی سەرمایەدارانی ئێرانی بۆ سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند: “سەرمایەدارانی ئێرانی ئامادەن لە پڕۆژەستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن و پێشوازی لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەشدارییەکی چالاکانەتر لە بازاڕەکانی ئێران، ئێمە خوازیاریی ئێران و عێراقێکی ئاوەدانتر و گەشەسەندووترین و ئەوە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکەیە”.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاندووە ، ئێمە پێمانوایە هەموو لایەنەکان لە عێراق دەبێت پابەند بن بە دەستوور و هەوڵبدەن چارەسەری کێشەکان لەچوارچێوەی دەستووردا بدۆزنەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێزانینی هەبووە بۆ یارمەتییەکانی ئێران لە حکومەت و گەلی عێراق بەتایبەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر هێرشی “تیرۆریستەکانی داعش” ، و رایگەیاندووە “ئێمە هەمووکات سوپاسی یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە عێراق لەو شەڕەدا دەکەین”.
نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی سەرمایەدارانی ئێرانی کردووە بۆ بەشداریی لە پڕۆژە ژێرخانییەکانی هەرێمی کوردستان و سوپاسی بەردەوامیی چالاکییەکانی دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی کردووە و رایگەیاندووە ، خوازیاریی بەهێزترکردنی هاوکارییە ئابوورییە هاوبەشەکانین لەگەڵ ئێران.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق دەبیت سنووری دۆستایەتی و گەشەکردن بێت رایگەیاندووە، بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان رێگەنادات لە خاکی هەرێمەوە بۆ هەر هەڕەشەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەربگیرێت و ئەوە هێڵی سووری هەولێرە.
لەکۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و حەسەن رووحانی، قوباد تاڵەبانی ، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ، د. فوئاد حوسێن ، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، سەفین دزەیی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نازم دەباغ ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ئامادەبوون.