نوچەنێت
گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی ئەمریكی، لە راپۆرتێكدا باس لە شكستهێنانی هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات و ئاماژە بە رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات، كە بەهۆی كۆنە ناكۆكیی ناوخۆییەوە، یەكێتی پێی باش بووە رادەستی حكومەتی عێراق بێت.
رۆژی پێنجشەممە ١٨-١-٢٠١٨ گۆڤارەكە لە راپۆرتێكێدا بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت، باشترین ڕێگە بۆ كورد بیگرنەبەر تا بگەنە دامەزراندنی دەوڵەت ئەوەیە، كە چیتر پشت بە هێزی دەرەكی نەبەستن و سەرلەنوێ دەست پێبكەنەوە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە سەرلەنوێ وەبەرهێنانەوەی ئەو دەزگایە دەبێت، كە دەبنە پشتیوان بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و پارێزگاری لێ دەكەن.
فۆرین پۆڵیسی بە وردی چووەتە نێو هۆكاری شكستهێنانی هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و نووسیویەتی “پشتێكردنی رۆژئاوا و ناكۆكی سیاسی ناوخۆیی، كوردی خستە مەترسیدارترین دۆخەوە. هەڵوێستی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، كە گەرموگوڕ بوون لە بەكارهێنانی كورد، وەك بریكاری خۆیان لە شەڕی تیرۆری داعش، درێژەی نەكێشا و نەبوونە پشتیوانی سەربازی و دیبلۆماسی كورد، بێگومان پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانیش نەبوون”.
هەروەها لەبارەی دۆخی ئێستەشەوە دەڵێت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وازی لە ستراتیژیەتی هێنانەدی سەربەخۆیی هێناوە، بەم هیوایەی پشتیوانی ئەمریكا بیانگەیەنێتە ئەودیوی ڕێگرییەكانی ئێستا لەبەردەم ڕێگەی دەوڵەتەكەیاندا هەن.
گۆڤارەكە ئەمەشی نەشاردووەتەوە كە بڕیاری كورد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیرادەی زلهێزەكانی جیهان، بووە هۆی ئەوەی كورد تووشی نسكۆیەكی مێژوویی ببێتەوە.
گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی، لە راپۆرتەكەیدا دووپاتی دەکاتەوە، کە “واشنتۆن دژی هەر گۆڕانكارییەكە لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە ترسی یاری دۆمینۆكە”. (مەبەستی راگەیاندنی چەندین دەوڵەتی سەربەخۆی یەك لەدوای یەكی دیكەیە لە ناوچەكە، لەدوای راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان).
ئاماژەشی بە ناكۆكی قووڵی نێوان یەكێتی و پارتی داوە بەوەی پێشتر نزیك بووە لەوەی ببێتە هۆی دامەزرانی دوو دەوڵەتی (هەرێم) جیاواز. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر داوە و نووسیویەتی “بەهۆی ئەم ناكۆكییەوە هەوڵی بەدیهێنانی سەربەخۆیی شكستی هێنا، چونكە سلێمانی بەسەركردایەتی یەكێتی پێی باش بوو رادەستی حكومەتی بەغدا بێت و هێزەكانی لە كەركوك بكێشێتەوە”.
لە كۆتاییدا گۆڤارە ئەمریكییەكە نووسیویەتی “سەرباری ئەوەی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، چەند نیشانەیەك لە سلێمانییەوە دەركەوتن لەبارەی دەسبەرداربوون لەم هەوڵەی سەربەخۆیی، بەڵام مەسعود بارزانی، سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، تەنانەت گوتبووشی ئەگەر سلێمانییش نەیەوێ، دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە دهۆك و هەولێر و دەشتی نەینەوا دادەمەزرێنین”.