فراكسیۆنی بزووتنەوە: ئەگەر ئیسلامییەکان، ئەم کارەیان نەکرد چاوی ئومێدیان لێ بنوقێنن

0

 نوچەنێت

سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر سێ‌ حیزبە ئیسلامییەكە، بە یەك لیستی هاوبەش بەشدار نەبوون، چاوی ئومێدیان لێ‌ بنوقێنن.

ئاری عەبدولەتیف، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكی دا رایگەیاندووە” دەمێكە هەوڵەكان بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش، بۆ هەموو حیزب و تەوژمە ئیسلامییەكان لە كوردستان بەردەوامە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتن و پڕۆژەیەك، چەندینجار كۆبوونەوەی لوتكە كرا و ئەنجومەنی هاوبەش پێكهێنرا و گفتوگۆی گەرم بەڕێوەچوو، بەڵام بێ‌ ئاكام بوو”.

سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئاماژەی بۆئەوەشكردووە، کە بزووتنەوەی ئیسلامی بە باشترین و لە پێشترین هێزی ئیسلامیی دەرچوو، بۆ هەنگاونان بەرەو هاوبەندیی،یەك بەرەیی و دروستكردنی سەركردایەتییەكی هاوبەش، تا لانیكەم ئیسلامییەكانیش خاوەن بەرە و پرۆژە و پاكێجێكی ئایینی، نیشتیمانی و نەتەوەیی بن.

ئاری عەبدولەتیف هەروەها دەڵێت”هەموو لایەك گەیشتنە ئەو بڕوایەی بزووتنەوە زۆرجار نەرمی لە ڕادەبەدەری نواندووە  و بۆتەهۆی ئەوەی، كە بە بچووك سەیر بكرێت، بەڵام كۆڵی نەداوە و قوربانی بە خۆی داوە، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكاندا، بەڵام دوو حیزبەكەی تر جۆرێك لە ساردییان تێدا بووە”.

بەرپرسەکەی بزووتنەوە، جەخت لەوەدەکاتەوە”لە ئێستاشدا چەند بارە بزووتنەوە داوای یەك لیستیی دەكاتەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان و خوازیارە، نەك ئەو سێ‌ لایەنە، بگرە چەندین تەوژم و هێزی تری ئیسلامخوازیی وەك برایانی سەلەفی و سۆفیش بەشدار بن”.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا،سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوە داوای یەك لیستیی و یەك بەرەیی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ پەرلەمانی كوردستان، دەکات. پییوایە، ئەگەر هەر هێزێك بۆ ئەمجارەش درزی خستە ئەو پڕۆژەیەوە، حەق وایە خەڵك و هاوڵاتیان و دەنگدەرانی ئیسلامخواز و نەوەی ئەم نەتەوە موسڵمانە، دەنگی پێ‌ نەدەن و بە سزای ئەو هەڵوێستەی بگەیەنن، چونكە ئەوە فەرمانی ئیسلامە و لانیكەم بۆ دەرخستنی قورسایی گوتاریی ئیسلامخوازیی كوردی، بۆ یەكجاریش بێت ئەو ئەزموونە تاقی بكەنەوە.

ئاری عەبدوللەتیف لەکۆتایدا گوتویەتی”ئەگەر ئەم پرۆسەیە، ئیسلامییەكانی كوردستان بە یەك لیست بەشدار نەبوون، ڕەوایە موسڵمانانی كوردستان چاوی ئومێد و ئاسۆیان لێ‌ بنوقێنن، چونكە دەرفەت لەمە باشتر و نزیكتر نییە بۆیان، بۆ جێبەجێكردنی كارنامە، ئەجێندای خزمەتگوزاری، ڕیفۆرم و گەشەكارییان، لە پرۆسەی سیاسەت و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com