ئەشواق جاف: وەزیری دادی عێراق بەدواداچوون بۆ کەیسی پێشمەرگە دیلەکان دەکات

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بڕیارم دا بەدوادا چوون بۆ ئەو کەیسی پێشمەرگە دیلانەی دەستی داعش بکەم، دەشڵێت “نازانم خەڵکانێک بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بکەن، لەسەر چ بنەمایەک دەڵێن ئەم کەیسانە لە بەغدا نییە”.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، 62 پێشمەرگەی دیل هەیە. بەشێک لە کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەکاتی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە ئەو پێشمەرگە دیلانەی لای داعش لە بەندیخانەکانی داعش گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لە بەغدا، وەک داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و هەڕەشەی لە سێدارەدانیان لەسەرە.

لەبەرامبەردا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی فەرمی نییە، کە پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش، ئێستا لە زیندانی سوپای عێراقدا بن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی زەرد، سەبارەت بە داواکاری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش رایگەیاند: بڕیارم دا بەدوادا چوون بۆ ئەو کەیسی پێشمەرگە دیلانەی دەستی داعش بکەم، کە کەسوکاریان گومان دەکەن لە بەغدا زیندانی و سزا درابێتن؛ بۆیە پەیوەندیم بە وەزیری دادەوە کرد و باسی ئەو کەیسەم کرد، کە بزانین لە بەغدا یان نا؛ دەبێ بەغدا بە نوسراوی فەرمی وەڵاممان بداتەوە.

ئەشواق جاف ئاماژەی بەوە دا، کە وەزیری دادی عێراق پێی راگەیاندم، لیستی ناوەکان بهێنە، ئێمەش بەدواداچوون دەکەین و لیستەکە دەنێرین بۆ هەموو ئەو شوێنانە، کە زیندانی تێدایە؛ ئەگەر هەبوو بە شێوەی یاسایی کاری لەسەر دەکەین، چ بە شێوەی تەمیز کردنی بڕیارەکان، چ بە اعادەی محاکمە، ئەگەریش نەبوو ئەوە هیچ.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، کە داوای ناوی پێشمەرگە دیلەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە و  بۆیان ناردووە و گوتوویانە هاوکات وێنەیەکی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری بەغدای دەکەین، بەڵام تا ئێستا بۆ وەزارەتی بەرگریان نەناردووە. بە گوتەی ئەشواق جاف، سەیر لەوەدایە خەڵکانێک دەڵێن شتی وانییە، لە کاتێکدا لیست نەنێردراوە بۆ بەغدا و بەدواداچوون نەکراوە، بۆ داواکاری باوکی ئەو پێشمەرگە دیلانەیە. 

ئەشواق جاف راشیگەیاند “پێشمەرگەش ئەو مافەی هەیە، وەک ئەوەی نوێنەرەکانی قوربانیانی رووداوی سپایکەر، ئاسمان و زەوییان پشکنی تا تەرمەکانی قوربانییەکانیان دۆزییەوە”. دەشڵێت، ئەمە ئەرکی سەر شانمانە بەدواداچوون بکەین، پێیشم سەیرە، هەندێک کورد پێش ئەوەی بەدواداچوون بکەین بڵێن شتی وانییە، لە کاتێکدا هیچ نوسراوێکی فەرمییان بۆ بەغدا ناردووە و وەڵامی فەرمییان بۆ نەهاتووە، کە کەیسی وا لە بەغدا نییە. نازانم ئەمانە لەسەر چ بنەمایەک دەڵێن “ئەم کەیسانە لە بەغدا نییە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com