نوچەنێت
پلانەکانی سوپای پاسداران بۆ گوشار خستنەسەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی، زیانێکی بەرچاوی بە ئابووری ئێران گەیاندووە.
بازرگانانی ئێرانی دەڵێن، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەوڵیان دا لە هەرێمی کوردستان مارکەی دڵخوازی خۆیان پێشان بدەن و رەزامەندی کڕیار بە دەست بهێنن، بەڵام لە ماوەی چەند مانگدا هەموو هەوڵەکانیان بوو بە بڵقی سەر ئاو.
تورکیا و ئێران، وێڕای دەوڵەتی مەرکەزی عێراق، ژێربەژێر بۆ گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن، بەڵام تورکیا پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو و بە شێوەی ژێربە ژێر و لە نەبوونی ئێران و عێراق، قازانجێکی زۆری کرد.
دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، نە تەنها دەوڵەتی مەرکەزی بەغدا، بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیاش، لە سەر پاکێجی هاوبەش بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن. ئەم پاکێجە هاوبەشەش لایەنی سەربازی و دارایی هەبوو کە سزای هەرێمەکەیان دا.
داخستنى هەردوو فڕۆکەخانەی سەرەکی سلێمانی و هەولێر، گەمارۆی ئابووری لە لایەن ئێران و تورکیا، داخستنی دەروازە سنوورییەکان، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان، هێنانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێم، رێگرتن لە هەناردە کردنی نەوتی هەرێم، بەشێک لەم سزا سەربازی و داراییانە بوون، ئێران پلاندارێژی سەرەکی پاکێجەکە بوون، بەڵام ئەوەی کە زۆرترین زیانی لەم گەمارۆیانە بەرکەوتبێ، خودی ئێران بوو.
رۆژنامەی ئابووری “تجارت”کە لە تاران چاپ و بڵاو دەبێتەوە، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، داخستنی سنوورەکان و پچڕانی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە کردەوە دابەزینی هەناردەی ئێرانی بەدواوە بووە و وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، کاریگەری نەرێنی بەرچاوی لە سەر هەناردەکردنی ئێران داناوە.
عەلی دیلمەقانیان، جێگری ژووری بازرگانی ورمێ دەڵێت، لەو ماوەیەدا کە سنوورەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسیی داخران، ئێران نزیکەی ٢ ملیار دۆلار لە بازاڕی هەناردە زیانی بەرکەوتوو، لە کاتێکدا هەر لەو ماوە زەمەنیە، هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، بە رێژەی ١٢٠% بەرز بۆتەوە.
ئەندامی لیژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵدەریی ئیرنای گوتووە، چەند مانگ بەر لە ئێستا، بە هۆکاری سیاسیی سێ وڵاتی ئێران، عێراق و تورکیا بڕیاری داخستنی سنوورەکانیان بە ڕووی هەرێمی کوردستان دا، رێککەوتن ئابڵۆقەی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکە بوو تەنها ئێران و عێراق بوون و تورکیا ئامادە نەبوو، تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش، سنوورە فەرمیەکانی خۆی دابخات.
لە ڕاستیدا تورکیا کڵاوی لە سەر ئێران نا، چونکە بە گوتەی بەرپرسی ژووری بازرگانی ورمێ، هەموو کوردەکان پێیانوایە کە قەرزداری تورکیان، چونکە ئەوانیان لە قەیرانی مەوادی خۆراکی و شتومەک رزگار کرد. ئەوان بۆ فرۆشتنی بەرهەم و کاڵاکانیان چ فرت و فێڵێکیان بەکارهێناوە، بە لامانەوە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە تورکەکان لەو دۆخە قەیراناوییە، یارمەتییان داین.
بەڵام ئەمە هەمووی ئەو زیانانە نییە، کە بە هۆی سیاسەت و بڕیاری هەڵەوە بە ئابووری ئێران گەیشتووە، بە گوتەی دیلمەقانیان، تاجر و بازرگانانی بۆ جێخستنی مارکە و بە دەستەوە گرتنی بازاڕەکانی هەرێم، وەبەرهێنانی زۆریان لەم هەرێمە کرد، بە تایبەت لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٧، بەڵام لە ماوەی چەند مانگدا هەموو هەوڵەکانیان بوو بە بڵقی سەر ئاو.
مەسعود دانشـمەند، ئەندامی لیژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی، بە رۆژنامەی تجارەتی گوتووە، داخرانی سنوورەکانی ئێران بە ڕووی هەرێمی کوردستان، بەدەر لە دەسەڵاتی چالاکانی کەرتی تایبەت بووە و ژمارەیەک لە بازرگانان و چالاکانی کەرتی تایبەت داوای قەرەبوو دەکەن.
بە گوتەی دانشمەند، لە ئێستادا بەشی هەرە زۆری بازاڕی عێراق بە دەست تورکەکانەوەیە. بڕیاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئابڵوقەدانی هەرێمی کوردستان، دەرفەتەکانی بازاڕی عێراقی بۆ بازرگانانی ئێرانی خستە مەترسییەوە.
یەک لەو دام و دەزگایانەی کە زۆرترین هەوڵی بۆ گوشار خستنەسەر هەرێم و گەمارۆدانی دا، سوپای پاسداران و لە سەرووی هەموویانەوە باقری، سوپاسالاری ئێران بوو.