نوچەنێت
کۆمپانیای نەوتی گەنەل ئێنێرجی رایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی شیکارییەکی نوێ لەسەر کێڵگەکانی بنەباوی و میران دەرکەوتووە، کە ئەو کێڵگانە بڕێکی زیاتر لەوەی، کە پێشتر خەمڵاندنی بۆ کراوە گازی سرووشتییان تێدایە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی، لێکۆڵینەوە نوێیەکەی کۆمپانیای RPS دەریخستووە، کە یەدەگی گازی سرووشتی ئەو دوو کێڵگانە ١٤ تریلیۆن و ٧٩٢ پێی سێجا گازی سرووشتییە.پێشتر یەدەکی گازی سرووشتی ئەو دوو کێڵگەیە بە ١٠ تریلیۆن و ١٦٠ ملیار پێی سێجا خەمڵێندرابوو.
لەو لێکۆڵینەوەیە دەرکەوتووە، کە قەبارەی یەدەگی گازی سرووشتی کێڵگەی میران بەرێژەی سەدا ٧٨ زیاترە لەو قەباریەی کە پێشتر مەزەندەکراوە. یەدەکی گازی سرووشتی لە کێڵگەی بنەباویش بەرێژەی سەدا ٢٧ بەرزکراوەتەوە، کە یەکێکیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەوی دیکەیان لە سنووری پارێزگای هەولێرە.
رۆژی هەینی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ئەرێنییە بەهای پشکەکانی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی بەرێژەی سەدا ٨.٧ بەرزبووەوە بۆ ١٣٠ پێنس بۆ هەر پشکێک. کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی کۆمپانیایەکی نیوە تورکی نیوە بەریتانییە.