رێباز حه‌ملان: پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ١٥٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە

0

نوچه‌نێت

وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئومێدێکی زۆرم ھەیە بەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەینە رێککەوتن. ده‌شڵێت ”موچەی فەرمانبەران بەپێی یاسایە، بۆیە ھەرکات داھاتی پێویست لەبەردەست بوو فەرمانبەران مافی خۆیانە ھەموو پاشەکەوتی مووچەکانیان وەربگرنەوە“.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە (دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاندووە، وەزارەتەکەی لیستی ھەموو موچەخۆرانی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بینێرێتە بەغدا و ”ئومێدێکی زۆرم ھەیە بەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەینە رێککەوتن“.

رێباز حەملان ھەروەھا رایگەیاندووە، تا ئێستا ھیچ شتێکی وا نەھاتۆتە پێش بۆ نەدانی موچە، ”ھەوڵدەدەین لەمساڵدا بەردەوام بین لە پێدانی موچە“.

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بە پاشەکەوتی موچە کردووە و رایگەیاندووە، پاشەکەوت بەھۆی بەرەدەستنەبوونی داھاتە و لە ئەگەری رێککەوتنی ھەولێر و بەغداش لەبارەی بودجە، ئەوا ھیچ پاساوێک بۆ پاشەکەوتکردن نامێنێتەوە، ”موچەی فەرمانبەران بەپێی یاسایە، بۆیە ھەرکات داھاتی پێویست لەبەردەست بوو فەرمانبەران مافی خۆیانە ھەموو پاشەکەوتی مووچەکانیان وەربگرنەوە“.

رێباز حەملان، کە لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو وەزارەتەی وەرگرت و دواتر وازھێنانی خۆی لە بزووتنەوەکە راگەیاند و وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ، جارێکی دیکە گەڕایەوە وەزارەت، ھەروەھا رایگەیاندووە، ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری حکومەت لای ”ھەندێک وبەرھێنەرە“، کە زەوی و پارەیان بەخۆڕایی پێ دراوە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وەزیری دارایی گوتوویه‌تی، پرۆژەیاسای چاکسازی، ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، ئەوا ١٥٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە، ھیواشی خواست، ئەو پەرلەمانتارانەی ”ماوەی چوار ساڵە لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە دادپەروەری و مافی خەڵک دەکەن، بەرگری لەم پرۆژەیە بکەن“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com