نێچیرڤان بارزانی: پێویسته‌ هاوپه‌یمانان له‌ هاندانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان

0

نوچه‌نێت

رۆژی چوارشه‌ممه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ برێت مه‌كگۆرگ و شاندی یاوری كرد. نێچیرڤان بارزانی، به‌  شانده‌كه‌ی راگه‌یاند، كه‌ به‌ پێویسته‌ هاوپه‌یمانان له‌ هاندانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 17/1/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێزان برێت مه‌كگۆرگ نێرده‌ى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش و ئه‌ندریۆ پیك یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كان و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌رێنییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی و هیوایان خواست كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام بن به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێكی گونجاو به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی فڕۆكه‌خانه‌، مووچه‌ و پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، شانده‌كه‌ پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و گفتوگۆیه‌كی جددی له‌نێوان هه‌ردوولادا نیشان دا و جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیى هاوكاری و پشتگیریى هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها لایه‌نگریی خۆیان بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕی.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى سوپاسكردنی ڕۆڵی هاوپه‌یمانان كه‌ ساڵانی ڕابردوو به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا ڕۆڵیكى گه‌وره‌یان گێڕا، به‌ پێویستی زانی هاوپه‌یمانان له‌ هاندانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆی بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی نێوان تیمه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی كه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی باش چوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌. به‌ڕێزیان ئه‌مه‌ى به‌ هه‌نگاوێكی جددی له‌ قه‌ڵه‌م دا و هیوای خواست كۆبوونه‌وه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا بێت.

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیش، سه‌رۆكوه‌زیران دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی و دیالۆگی جددی له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه‌ و هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com