نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتوو رایدەگەیەنێت، ئێمە موزایەدەمان بەسەر هیچ کەس و لایەنێك نەکردووە و کشانەوەشمان هیچ ویستێکی تایبەتی حزبی تێدانەبووە.
رۆژی سێشهممه ١٦/١/٢٠١٨، سهلاحهدین بههادین، ئهمینداری گشتی یهكگرتووی ئیسلامی، له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامهوانی دا كشانهوهی یهكگرتووی له حكومهتی ههرێم راگهیاند و گوتی، بڕیارماندا به كۆی دهنگ له حكومهت بكشێینهوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، کەژاڵ هادی فەقێ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی هۆکاری کشانەوەیان لەحکومەتی هەرێم لەم کاتەدا رایگەیاند “پرسی کشانەوە لای یەکگرتوو پرسێکی کۆن نییە، لەماوەی رابردوودا چەندین یاداشت نامە و پڕۆژەی چاکسازیمان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە، لەبەرئەوەی نەگەیشتینە ئەنجامێك بۆ مانەوە لەحکومەتی هەرێم، کشانەوەمان بە گونجاو زانی”.
سەبارەت بە جیاوازی کشانەویان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، کەژاڵ هادی گوتی “هەرلایەنێك ئالیەت و میکانیزمی خۆی هەیە بۆ کشانەوە لە حکومەت، ئێمە موزایەدەمان بەسەر هیچ کەس و لایەنێك نەکردووە، کشانەوەشمان هیچ ویستێکی تایبەتی حزبی تێدانەبووە بەوەی، کە ئێمە لەگەڵ حکومەت ناڕاست بوبێتین یان چەواشەی خەڵکمان کردبێت”.
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، کە ئێمە بەرێککەوتن بەشداریمان لە حکومەتی بنکە فراونکردووە، بۆیە ناکرێت بەئاسانی بڕیاری کشانەوە لەحکومەت بدەین، هەر بۆیە پێش ئەوەی بڕیاری کشانەوە بدەین مۆڵەتمان بە حکومەتدا.
کەژاڵ هادی ئاماژەی بەوە دا ،کە “ئەو یاداشتنامەی دامان بەحکومەت لە ٢٤ خاڵ پێکهاتبوو، ئەو دواکاریانەی، کە ئێمە هەمان بوو لە حکومەت، پەیوەندی موچە و بژێوی ژیانی خەڵکەوە هەبووە، ئێمە پێداگری زۆرمان لەسەر کرد، مانەوەشمان لەحکومەت هەر بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و خەڵک بووە”.