نوچەنێت:تایبەت
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ناڕونییەك لە پەیامی کشانەوەی ئەو لایەنانەدا هەیە، کە لەحکومەت کشاونەتەوە. ئەگەر مەبەستیانە بفەرموون با هەڵبژاردن بکەین.
لە ماوەی رابردوودا، بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەحکومەتی هەرێم کشانەوە، کۆتاهێزی سیاسی لەم کابینەیە، کە لەحکومەتی هەرێم کشایەوە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بوو، کە دوێنە بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە چەند مانگێک ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، محەمەد عەلی یاسین، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی کشانەوەی هێزە سیاسییەکان لەحکومەتی هەرێم رایگەیاند”ناڕونییەك لە پەیامی کشانەوەی ئەو لایەنانەدا هەیە و ئاشکرایە کشانەوەی ئەوان، لەبەر کەموکوڕی حکومەت نییە، بەڵکو ئەوان موزایەدەی سیاسی و هەڵبژاردن دەکەن، کۆتاهێزی سیاسیش کەکشایەوە، بەهەمان شێوە بابەتێکی موزایەدەی سیاسی و هەڵبژاردنە”.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت”من بەرگری لە کشانەوە یان نەکشانەوەی ئەوان لە حکومەتی هەرێم ناکەم، بەڵام بەڕای من ئەگەر ئەوان مەبەستیان بێ حکومەتێکی باش دروستبکەن دەیان توانی لەناو حکومەت، بەشێکی گەورەبن لە چاکسازیکردن”.
محەمەد علی، جەخت دەکاتەوە کە، ئەم کشانەوانە لە حکومەت لەم کاتەدا ئەوەندەی لەموزایەدەی سیاسی و هەڵبژاردن دەچن، ئەوەندە بابەتی پراکماتیکی گۆڕانکاری نییە، بۆئەوەی فشار دروستبکەن بۆ گۆڕانکاری ئەوان لەناو حکومەت هیچ یان پێنەکرا، چونکە ئەگەر ئەوان پێیانوابێت، حکومەت خراپە ئەوان بەشێکی گەورە بوون لەم حکومەتە.