تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، كورد و سوننه دژی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه یاسایی بودجه‌ی ٢٠١٨ی عێراقن، چونكه مافه‌كانی ئه‌و دوو پێكهاته پێشێلكاری به‌رامبه‌ر كراوه.
بڕیاره ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه ١٧-١-٢٠١٧)، په‌رله‌مانی عێراق خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاسایی بودجه‌ی ٢٠١٨ی عێراق بكات، به‌ڵام فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان به پڕۆژه‌یاساكه رازی نین و بایكۆتی دانیشتنه‌كان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، ئه‌مین به‌كر، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق، سه‌باره‌ت به دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به بودجه رایگه‌یاند: وه‌ك فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان لە په‌رله‌مانی عێراق، بڕیارمانداوه به یه‌كگرتووی به‌رامبه‌ر ئه‌و پڕۆژه یاسایه بینه‌وه و بایكۆتی دانیشتنه‌كانی ئه‌و پرسه بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی نه‌تواندرێت رێژەی یاسایی ته‌واوبكه‌ن. هەروەها هه‌ر ئه‌مڕۆ كورد و سوننه بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌مان كرد و نه‌یانتوانی رێژەی یاسایی ته‌واو بكه‌ن و خویندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ٢٠١٨ بكه‌ن.
ئه‌مین به‌كر دەڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی هەر دانیشتێك بكرێت و تایبه‌ت بێت به بودجه، به‌شداری تیدا ناكه‌ین و بایكۆتی ده‌كه‌ین، چونكه مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌دا پێشێلكراوه.
ناوبراو ئاشكراشی ده‌كات، ته‌نها كورد نییه دژی پڕۆژه یاسایی بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراقه، به‌ڵكوو سوننه‌كان هه‌موویان دژی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ن و په‌رله‌مانتار و خه‌ڵكی شیعه‌ش هه‌یه پڕۆژه یاساكه‌ی به‌دڵ نییه و بایكۆت ده‌كات.