تایبه‌ت: نوچه‌نێت
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له پشكی یه‌كگرتوو رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره‌كه‌ی یه‌كگرتوو بۆ كشانه‌وه‌یه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، نه‌ك حكومه‌ته خۆجێییه‌كان.
دوێنێ سێشه‌ممه ١٦/١/٢٠١٨، سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی، له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانی دا كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتووی له حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یاند و گوتی، بڕیارماندا به كۆی ده‌نگ له حكومه‌ت بكشێینه‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، مه‌هدی مه‌حمود، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، كه له پشكی یه‌كگرتووە، سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو له حكومه‌ت ئایا حكومه‌ته خۆجێییه‌كان ده‌گرێته‌وه رایگه‌یاند: بڕیاری دوێنێی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو بۆ كشانه‌وه‌یه له حكومه‌تی هه‌ریم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، هیچ باسی كشانه‌وه نه‌كراوه له حكومه‌تی پارێزگاكان و حكومه‌ته خۆجێییه‌كان.
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی راشیده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كگرتوو هاوشێوه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ، له حكومه‌ته خۆجێییه‌كان ده‌مێنیته‌وه و ته‌نها وه‌زیره‌كانی له حكومه‌ت ده‌ستله‌كارده‌كێشنه‌وه.
ناوبرا ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه، كه پێشتر یه‌كگرتوو بڕیاری دابێت له حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ته خۆجێییه‌كانیش بكشێته‌وه و گوتی، ئه‌وه ته‌نها ده‌نگۆی راگەیاندنەکانە، ئه‌گەرنا بڕیاری یه‌كگرتوو هه‌ر ئه‌وه بووه، كه دوێنێ شه‌و راگەیەندرا.