نوچەنێت: رووداو
ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژیەك دەكرێت بەناوی (خزمەت)، پڕۆژەكە بۆ كەمكردنەوەی رۆتینیاتی زۆرە لە فەرمانگە و دامودەزگاكاندا و قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی دەکات.
ئەمڕۆ (چوارشەممە ١٧-١-٢٠١٨)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیرەكانی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان دوای بڕیاری حزبەکەیان بۆ کشانەوە لە حکومەت ماڵئاوایی دەكەن، پاشان پڕۆژەی خزمەت تاوتوێدەکرێت.
نوری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە (رووداو)ی راگەیاند “پڕۆژەكە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بەشێوەیەكی گشتی باسی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دەکات لە فەرمانگە حكومییەكاندا، ئەمەش لەپێناو كەمكردنەوەی رۆتینیاتی زۆر لە فەرمانگە و دامودەزگاكاندا”.
هەر بەپێی ئەو پڕۆژەیە، هەر فەرمانگە و دامودەزگایەكی حكومەت ماڵپەڕێکی ئەلكترۆنی دەبێت، لەڕێگەی ئەو ماڵپەڕەوە پێداویستی هەر مامەڵەیەكی هاونیشتمانیان دەخرێتەڕوو. هاوكات بڕی پارەی تێچووی مامەڵەكەش ئاشكرادەكرێت.
ماوەیەكی زۆرە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەفتانە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات، دوای كۆبوونەوەكانیش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیارەکان و نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشکرادەکات، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیش دەداتەوە.