نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسی لقی ٣ ی پارتی لە کەرکوك رایدەگەیەنێت، ئێمە ناچینە ژێر هەر پلانێکەوە، کە بەفەرزی هێزی سەربازی بییەوێ شت بە سەر کوردستانیان جێبەجێ بکات.
لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کادیرانی پارتی لەکەرکوك و ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم، نەگەڕاونەتەوە ئەو ناوچانە، چەند جار پارتی هۆشداری داوەلەوەی کە رەوشی کەرکوك، ناجێگیرەوە داوای سەقامگیری دەکات بۆ ئەو ناوچانە، رۆژی دووشهمه ١٥-١-٢٠١٨ ئهنجوومهنی سهركردایهتی كهركوك/ گهرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیاریدا پرۆسهی ههڵبژاردن له كهركوك، بایكۆت بكات و هۆكارهكهشی بۆ داگیرکردنی ئەو شارە گەڕاندەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، محەمەد خورشید بەرپرسی لقی ٣ ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوك، لەبارەی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند”پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو ناوچانە بەداگیرکراوی سەر بازی دەزانێت، چونکە هیچ ئازادییەک و رێگەپێدانێک نیە”.
ئەو بەرپرسەی پارتی مەرجی گەڕانەوەیان بۆ کەرکوك ئاشکرادەکات و دەڵێت”لەم قۆناغەدا تا ئەو داواکاریانەی کە هەیە بۆجێبەجێکردن، وەک دەرکردنی حەشدی شەعبی، گەڕانەوەی ئازادی بۆکوردستانیانی کەرکوک، گەڕانەوەی بەڕێوەبەر و قائیمقام و پارێزگار و ئەنجومەن، پارتی ئامادەنیە بگەڕێتەوە تاوەکو جێبەجێ نەکرێت”.
حەمەد خورشید جەخت دەکاتەوە کە”ئێمە ناچینە ژێر هەر پلانێکەوە، کە بەفەرزی هێزی سەربازی بیەوێ شت بە سەر کوردستانیان جێبەجێ بکات”.
سەبارەت بەوەی ئایا بڕیاری بایکۆتکردنی پارتی لە پرۆسهی ههڵبژاردن له كهركوك، بڕیارێکی هەڵەنییە؟ محەمەد خورشید، گوتی”نەخێرد بڕیارێکی هەڵەنییە و دروستە، چونکە ئەگەر پارتی بەلایەوە هەڵەبوایە ئێمە ئەم بڕیارەمان نەدەدا”.
بەرپرسی لقی ٣ ی پارتی لەکەرکوك، وەڵامی ئەو لایەنانەش دەداتەوە کە دەڵێن پارتی ئیشی بەکەرکوك نەماوە و دەڵێت”ئەو لایەنە سیاسیانەی کە پێیان وایە، پارتی ئیشی بەکەرکوك نەماوە ، بابچن مشوری حاڵی خۆیان بخۆن و بەساویلکەیی سیاسی بیرنەکەنەوە، باجورئەت بکەن یەك میتینگێك لەکەرکوك بکەن، ئاڵای کوردستانی تیابێت، ئەو کاتە دەزانن بڕیارەکەی پارتی هەڵەیە یان دروستە”