ململانێێ عەبادی و مالیکی بەرەو کوێ؟

0

نوچەنێت

چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی هاوپەیمانی نوێی حەیدەر عەبادی، بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، تێنەپەڕیبوو کە هەواڵی فەشەل هێنانی ئەم هاوپەیمانێتیە راگەیێندرا، هاوپەیمانییەک کە بە “بەهێز”وەسف دەکرا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە حزبی دەعوە، نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاندووە، وەک حزب بەشداری هەڵبژاردنەکان نابن، بڕیارێک کە دەرەنجامی ململانێ و ناکۆکی ناوخۆیی ئەم حزبەیە.

کاتێک کە حەیدەر عەبادی، رۆژی یەکشەممە،١٤ی جانیوەری، دامەزرانی هاوپەیمانێتی “النصر”ی راگەیاند، زۆر کەس پێیان وابوو کە ئەم هاوپەیمانییە، بێ رکابەر و براوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەبێت. هەو وەک ناوەکەی مانای سەرکەوتنی دەگەیاند.
بە گوتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، ئەم ناوە لە لایەن عەبادییەوە پێشنیار کراوە و ئامانج لە دیاریکردنی ئەم ناوە، وەبیرهێنانەوەی سەرکەوتنەکان ی شەڕی دژ بە داعشە. لە کاتێکدا ئەم رێکخراوە لە خولی یەکەمی سەرۆکوەزیرانی مالیکی، واتە رکابەرەکەی، بەشێکی بەرچاوی خاکی عێراقی خستە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.هاوپەیمانێتیەکە، بێجگە لە لیستی عەبادی، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حەشدی شەعبیشی لە خۆ دەگرت. ئەم جۆرە لە هاوپەیمانێتی، بەهێزترین هاوپەیمانی شیعە هەژمار دەکرا. بە تایبەت کە پێکهاتەکەی جێی رەزامەندیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، کەسێک لە بەتەواوی مانا  وهێزەوە پاڵپشتی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە هۆکاری هەرەسهێنانی هاوپەیمانێتیەکە، بوونی رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم بووە. حەکیم، شەوی یەکشەممەی رابردوو باسی لە هاوپەیمانییەکی سێ قۆڵی کردبوو کە بریتی بوون لە، رەوتی حیکمە، لیستی عەبادی و گروپەکانی حەشدی شەعبی.

لە ئەگەری راست و دروستی ئەم بابەتە، دەکرێ بە وئەنجامە بگەین، کە ناکۆکییەکانی پێشتر کە جیابوونەوە  وئینشقاقی عەمار حەکیم لە ئەنجومەنی باڵا و جیابوونەوەی بەدر لە ئەنجومەنی باڵا، ئەو کاتەی کە حەکیم لە سەرکردایەتیدا بوو، وەک خۆی ماوەتەوە.

بەم هەرەس هێنانە. رێڕەوی عەبادی بۆ چوونە ناو ململانێی هەڵبژاردنەکان، ئەویش بە لیستێکی سەربەخۆ و بە بێ ئەوەی لە گەڵ گروپەکانی دیکە ئێئتلافی پێکهێنابێ، گەلێک دژوارە. بەم پێیە دەکرێ بگوترێ پێگەی ناوبراو و داهاتووی پۆستەکەشی لە مەترسیدایە. ئەمە مانای وایە کە جارێکی دیکە، رێگە بۆ گەڕانەوەی مالیکی بۆ لوتکەی دەسەڵات هەموار دەبێتەوە.

پرسی گەندەڵی و ناکۆکییەکانی ناوخۆی حزبی دەعوە،

ئەو کاتەی کە نوری مالیکی لە ساڵی ٢٠٠٦ گەیشتە دەسەڵات و پۆستی سەرۆکوەزیرانی پێبڕا، حزبی دەعوە، بە جۆرێک وەک حزبی دەسەڵاتداری عێراق هەژمار دەکرا. تەنانەت چوونە دەرەوەی ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق لە حزبەکە و پێکهێنانی رەوتی چاکسازی نیشتمانی لە ساڵی ٢٠٠٨، نەیتوانی زیان بە یەکڕیزی ئەم حزبە بگەیەنێت.

بەڵام هاوینی ٢٠١٥، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ئەم حزبە. دوای هەڵاتنی سوپای عێراق لە بەرەکانی شەڕی داعش، گوشارەکان بۆ سەر نوری مالیکی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی زیادی کرد. مالیکی سەرەتا کۆڵی نەدا، تا ئەوەی کە گوشارەکان بۆ ناو حزبەکەی شۆڕ بووەوە. لەم رووەوە مالیکی چاری نەبوو،هەر بۆیە وازی لە پۆستەکەی هێنا و عەبادی بە دوو دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تیرۆریزم، دەنگی متمانەی پەرلەمانی مسۆگەر کرد و جێی مالیکی گرتەوە.

عەبادی لە گوتار و لێدوان و چاوپێکەوتنەکانیدا، گەندەڵی وەک هۆکاری پێشڕەوییەکانی داعش دەناساند  ودوای کۆتایی شەڕی داعش و راگەیاندنی سەرکەوتنی عێراق، بە سەر ئەم رێکخراوە لە ٢١ی دیسمەبەری ٢٠١٧، رایگەیاند، کە ئێستا عێراق پێی ناوەتە شەڕ لە دژی گەندەڵی.

بێ گومان، ئەرکی عەبادی گەلێک دژوارە. بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، گەندەڵی سەرتاپای ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە، دروشـمی بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵی، دڵڕفێن و جوانە و دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبێ. بە تایبەت کە دەگوترێ، عەبادی لەم میانەدا، رەوت  وکەسە نزیکەکانی مالیکی کردۆتە ئامانج. هەر چۆنێک بێت، مالیکی یەکێکە لە دوو جێگرەکەی سەرۆککۆمارو هەژمون و کاریگەری بەرچاوی هەیە.

چوونە دەوەی حزبی دەعوە لە ململانێکانی هەڵبژاردن،

ئەم ناکۆکیانە بوونە هۆی ئەوە کە حزبی دەعوە، بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە رکابەرایەتی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنێ و رێگای عەبادی  ومالیکی، بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکاتەوە. ئەویش بە دوو لیستی جیاواز ململانێی یەکتر دەکەن.

هەر چۆنێک بێت،عەبادی و مالیکی، هەوڵی یارگیری و راکێشانی فراکسیۆن و رەوتەکانی دیکەی ئامادە لە مەیدانی هەڵبژاردنەکان دەدەن. رەنگە هەنگاوی دواتری عەبادی، ساغکردنەوەی هاوپەیمانییە لە بەر یەک هەڵوەشاوەکەی بێت.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە مالیکی چاوی بڕیوەتە کوردەکان، بە تایبەت ئەو لایەنانەی کە عەبادی لە مەسەلەی لەدەستدانی زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی خۆیان لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، بە- بەرپرسیار دەزانن. لێرەوە بە دواوە، رکابەرایەتییەکان تا رۆژی هەڵبژاردنەکان  وتەنانەت دواتریش لە ناو پەرلەمان، درێژە دەکێشێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com