نوچەنێت
پڕۆژەچاکسازییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆتە جێی دڵخۆشی و چاوەڕوانی خەڵك، لەم دۆخە پڕقەیرانەی کوردستاندا، پسپۆڕانی بواری ئابوری دەڵێن، موچەی خانەنشینی پلە تایبەت، کاریگەری خراپی لەسەر بودجەی گشتی هەبووە.
ئەنجومەنی وەزیران چۆن پڕۆژە چاکسازیەکەی پەسەند کرد؟
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی ٢٠-١٢-٢٠١٧، دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، پڕۆژەیەكیان بۆ چاكسازی لە لیستی موچەخۆراندا هەیە و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی دەکەن. پڕۆژەیاساکە (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا. لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و دراوەتە لیژنە تایبەتمەندەکان.
٦٨ هەزار كەس دوو موچە و سێ موچە و چوار موچەیان هەیە[١]
یەكێك لەو مەلەفانەی حكومەت دەیەوێ دەستی بۆ ببات و جورئەتی دەست بۆبردن نەبووە، بەهۆی ئەوەی کە هەموو حزبەکان پشک ولیستیان لەم موچانەدا هەیە، خانەنشینی پلە تایبەت و پەرلەمانتارانە، كە دوای چوار ساڵ پەرلەمانتاری بە ٨٠%ی موچەكەیان خانەنشین دەبن و نزیكەی شەش ملیۆن دینار وەردەگرن، بەپێی پڕۆژەكەی حكومەت بێ، ئەو سەردەمە بەسەردەچێ و لەمەودوا بە مەرج خانەنشین دەکرێن. هەر پەرلەمانتارێك تەمەنی لە ٥٠ ساڵ زیاتر نەبێ و ١٥ ساڵ خزمەتی نەبێ، خانەنشین ناكرێ”.
نوری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، هەندێك ئاماری قەبەی لە لیستی موچەخۆراندا ئاشكراکرد، كە ئەگەر چاكسازی تێدا بكرێ، پارەیەكی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. نوری عوسمان دەڵێت، ٦٨ هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان، دوو موچە و سێ موچە و چوار موچەیان هەیە، ئەوانە سەرپشك دەكرێن یەكێك لە موچەكانیان هەڵبژێرن، بەگشتی حكومەت پلانی هەیە، زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناری لە راستكردنەوەی لیستی موچەخۆراندا بۆ بگەڕێتەوە”.
پڕۆژەیاسای چاکسازی حکومەت گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف[٢]
مانگانە ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە[٣]
د. مەدحەد سلێمان، راوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند “پرۆژە یاسایی خانەنشینی پلە تایبەت، دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت، چونکە خەڵکێکی تێدایە رۆژێک لە ڕۆژان لەناو حکومەت و پەرلەمان نەبوون و کاریان نەکردووە، کەچی بەپلەی زۆر بەرز خانەنیشن کراون، بۆیە جێبەجێکردنی پرۆژە یاسایەک زۆر پێویستە، یان خەڵکێک ھەبوون، بەپێشمەرگە خانەنشین کراون، بەس ڕۆژێک پێشمەرگە نەبوونە، رەنگە بەھۆی ئەم پڕۆژەوە مانگانە ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت بگەڕێتەوە”.
ئەو راوێژکارەی پەرلەمان، ئەوەشی خستەڕوو کە “گۆڕان و یەکێتی، خەڵکانێکی زۆریان لەسەردەمی دوو ئیدارەیی بەپلەی تایبەت خانەنشین کردووە، بۆیە حەز ناکەن ئەو پرۆژە بێتە پەرلەمان و دەیانەوێت پەکی بخەن، چونکە زیاتر لە ١٣٠ ھەزار خانەنشینی نایاسایی ھەیە ١٠٠ ھەزاریان لە سنوری ئیدارەی گۆڕان و یەکێتییە، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردنەکان نزیکن، گۆڕان و یەکێتی حەزناکەن ئەو پڕۆژە بێتە پەرلەمان و چونکە دەنگی گەندەڵی لەدەست دەدەن، بەڵام پێویستە ئەم پڕۆژە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی حەق و ناحەق دەرکەوێت”.
١٠٠ ھەزار کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەپلەی تایبەت خانەنشین کراوە
فەرید زامدار، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە، رايگەیاند “یەکێتی و گۆڕان، نایانەوێت پڕۆژەی چاکسازی لە خانەنشینی پلەتایبەت بخرێتە پەرلەمان و دەیانەوێت پەکی بخەن، چونکە بەگەندەڵی و فێل ١٠٠ ھەزار کەسیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەپلەی تایبەت خانەنشین کردووە، لەناویاندا سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان و کەسە نزیکەکانی باڵی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکۆتبەرهەن”.
ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، یەکێتی جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەوانەی کەرکوکیان فرۆشت، سەرجەمیان بەپلەی بەرز خانەنیشن کراون، گوتیشی “ئەوانە موڵک و ماڵ، خانووی بەرز، کۆشک و تەلاریان لە سلێمانی کڕی بەپارەی قوتی دزراوی خەڵک، بۆیە ئێستا ئەگەر چاکسازی بکرێت، ١٠٠ ھەزار کەس لە گۆڕان و یەکێتی دەتۆرێن، دەرکەوت بایی ٤ کورسی گۆڕان و یەکێتی دەنگی گەندەڵیان ھێناوە، کە بەپارە خەڵکیان کڕیووە”.
بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، حکومەت دەتوانێ بڕیاری چاکسازی جێبەجێ بکات
دەنگۆی ئەوە هەیە کە هەندێک لایەن هەن، نایانەوێ پڕۆژە چاکسازییەکەی حکومەت بێتە پەرلەمان، چونکە بەجێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە ئەو خەڵکە دەنگیان بۆ نادات کە موچەی بەلاشیان پێدراوە. لەئەگەری دەنگ نەهێنانی ئەم پڕۆژەیە لەپەرلەمان، ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار، لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچێتم سەبارەت بە ئەگەرەکانی بەردەم پڕۆژەی چاکسازی رایگەیاند، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان حکومەت دەتوانێ بڕیاری چاکسازی جێبەجێ بکات. بەپێی یاسا وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، توانای دەرکردنی بڕیاری لەم چەشنەی هەیە.
لەبارەی ناردنی پڕؤژەکە بۆ پەرلەمان، ئاسۆ هاشم گوتی، بە کۆدەنگییەکی باش تێپەڕدەبێت و دەنگی بۆ دەدرێت، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بەرای گشتی و قوتی خەڵک و بودجەو میزانیەی گشتییەوە هەیە، بەتایبەت ئێستا کە لە سەردەمی هەنگاو نانین بەرەو پرۆسەی هەڵبژاردن، هیچ حزب و لایەنێک جورئەتی ئەوەناکات، لاری لەسەر شتێ هەبێت، کە پەیوەندی بە قوتی خەڵک و برسی کردنی خەڵکەوە هەبێت.
دەقی پڕۆژەیاساکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان[٤]
پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
ئامانجەکانی دەرکردنی ئەم یاسایە بریتین لەمانەی خوارەوە
١- بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و راگرتنی سوودمەندبوونی ناشایستە لە بودجەی گشتی
٢- خاوێنکردنەوەی ناوی سوودمەندان لە بودجەی گشتی لە کەسانی ناشایستە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تەرخانکراوی موچە و دەرماڵە.
٣- رێگەگرتن لە سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە جارێک.
٤- بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە جیاجیاکانی خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و چالاککردنی سندووقی خانەنشینی.
٥- رێکخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلەتایبەتییەکان لەسەر بنەمای گەیشتن بەتەمەنی یاسایی دیاریکراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت.
پشتبەست بە ئەحکامی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ هەموار کراو و، لەبەر رۆشنایی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٣٩) لە رێکەوتی ٢١-١٢-٢٠١٧ بڕیاردرا بە:
١- پەسندکردنی پڕۆژەیاسای (چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق) ، کە وێنەیەکی هاوپێچی ئەم بڕیارەیە و، رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بە مەبەستی گفوتگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیاساکە.
٢- وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.


سەرچاوەکان: