نوچەنێت: رووداو
لە کۆبوونەوەی لیژنەی فڕۆکەخانەکانی نێوان شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لەسەر شەش خاڵ رێککەوتوون.
ئەمڕۆ شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان، دەروازە سنوورییەکان، بەنداو و چەند پرسێکی دیکە لە هەولێر کۆبوونەوە و راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی شاندی حکومەتی عێراق و کوردستان، کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ بە پێنج گرووپ بوون؛ لە بوارەکانی ئاسایش و سنوور، فڕۆکەخانەکان، گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و بەنداوەکان و نەوتدا.
دەقی کۆنووس و رێککەوتنی لیژنەی فڕۆکەخانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا:
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا و لەبارەی سەرجەم خاڵەکانی تایبەت بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئیتیحادی و لەسەر ئەو خاڵانەی خوارەوە رێککەوتن کراوە:
١- فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی پابەنددەبن بە یاسای دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق ژمارە 148ی ساڵی 1974 هەموارکراو و سەرجەم رێنماییەکانی، کە لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانییەوە دەردەچێت.
٢- پشتبەستن بە رەزامەندییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بۆ نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، رێگا نەدان بە نیشتنەوە و فڕینی هیچ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی، بەبێ رەزامەندی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی.
٣- نوێنەرانی بەشی گواستنەوەی ئاسمانی ئاسایش و سەلامەتی فڕۆکەوانی سەر بەدەسەڵاتی فڕۆکەوانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەبن بە بەردەوامی، وەک یەکێک لە داواکارییەکانی رێکخراوی ئەیکاو.
٤- ئیدارەی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی سیستەمی کرێی فڕۆکەخانە مەدەنییەکانی ژمارە 5ی ساڵی 2008 جێبەجێ دەکەن، لەگەڵ پێدان و ئاشکراکردنی حیساباتی کرێی نیشتنەوەی فڕۆکەکان و باجی مانگانەی گەشتیاران.
٥- کۆبوونەوەی خولی مانگانە بە سەرۆکایەتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرانی فڕۆکەخانەکان ئەنجام دەدرێت، بەمەبەستی پەیوەندیی و چارەسەرکردنی کێشەکان.
٦- دانانی رێکخەری فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ ئاسانکاری پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی و بەشێوەیەکی هەمیشەیی بوونی دەبێت لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی.
بەمشێوەیە کۆنووسەکە لە هەولێر لە رێککەوتی 15/1/2018 کۆتاییهات
نوێنەری حکومەتی ئیتیحادی پێکهاتوون لە:
١- د.عەبدولکەریم حوسێن ئەلفەیسل، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران
٢- عەباد عومەران موسا، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی و بریکار وەزارەتی گواستنەوە.
٣- عەلی حوسێن ئەحمەد شەرقی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی ئاسمانی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی.
٤- خلود سالح مەحمود، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی.
نوێنەری حکومەتی هەرێم پێکهاتوون لە:
1- مەلود باوەموراد محێدین، وەزیری گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە حکومەتی هەرێم.
2- تاهیر عەبدوڵڵا قادر، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی
3- تەلار فایەق سالح، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر
4- فرسەت ئەحمەد، راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران

