نوچەنێت
بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە نزیكەی سێ ساڵە لە حیزبەكەی هەموو جوڵەیەكی سیاسی هەڵپەساردووە، رۆژی ١٧-٩-٢٠١٧، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پێشكەش بە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كرد، دواتر لە ١٦-٩-٢٠١٧ دا، لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان، لیستەکەی بۆ هەڵبژاردن تۆماركرا . لە 27ی كانوونی یەكەم، بەفەرمی مۆڵەتی كاركردنی لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وەرگرت و ڕۆژی ١٠ ی ئەم مانگە، كۆنگرەی دامەزراندنی قەوارەی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری بەست و خۆی بە سەرۆكی قەوارەكە هەڵبژێررا.
جیابوونەوەکانی باڵەکانی نێو یەکێتی هاوشێوەی یەکن
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ٢٠٠٦وازی یەکێتی هێنا و ، دەستی کرد بە کاری ڕاگەیاندن وەک دەرکردنی ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ماڵپەڕی سبەی،کەی ئێن ئێن، ڕادیۆی دەنگی گۆڕان و سەنتەرێکی ڕاپرسی. لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ھەڤاڵەکانی بە لیستێکی نوێ و بەناوی لیستی گۆڕانەوە دەستیان کردەوە بە کاری سیاسی.
بەرهەم ساڵح، لە رۆژی یەكشەممە ١٧-٩-٢٠١٧، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی، پێشكەش بە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كرد، بەپێی زانیارییەكان، رایگەیاندبوو حزب دروست ناکات، د. بەرهەم خاوەنی چەندین دەزگای راگەیاندنە و زانکۆی ئەمریکی -سلێمانییە و ئێستا لیستی “هاوپەیمانی بۆ دیمکراسی و دادپەروەری” راگەیاند ، لە رۆژی ١٠-١-٢٠١٨ لە یەکەمین كۆنگرەی دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بۆ بە سەرۆکی ئەو قەوارەیە، د. بهرههم، لەم قۆناغە جەخت ههڵبژاردنی پاك و بێگهرد دەکاتەوە و دهستاودهستكردنی دیموكراسییانهی دهسهڵات بە چارهسهر دەزانێت.
بەرهەم ساڵح دەبێتە سەرۆک[١]
بەرهەم ساڵح، بە سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە یەکەمین كۆنگرەی دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، بە ٦٢٧ دەنگ لەکۆی ٦٨٤دەنگ بە سەرۆكی ئەو قەوارەیە هەڵبژێردرا.
لەرۆژانی داهاتوو ،دوو هەڵبژاردن لەنێو ئەم قەوارە سیاسییە ئەنجام دەدرێت، یەکەمیان هەڵبژاردنی ٤٠ کەسە بۆ ئەنجومەنی گشتی یاخود جڤاتی گشتی، کە هاوشێوەی سەرکردایەتی حزبەکانی دیکەیە، لەو ٤٠ کەسە ٧ کەسی دیکە بە بەرهەم ساڵحەوە دەبنە ئەنجومەنی جێبەجێکردن، کە رۆڵی مەکتەبی سیاسی دەبینێ و بارەگای سەرەکیان لە هەولێر دەبێت، پاشان بارەگای دەڤەرەکان دیاری دەکەن.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، دوای ئەوەی لە ٢٧ی مانگی رابردوو مۆڵەتی لە عێراق وەرگرت، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ١٢ی ئایار ئامادە دەکەن.
بەرهەم ساڵح چۆن قەوارەکەی ئاشکرا کرد[٢]
رۆژی یەكشەممە ١٧-٩-٢٠١٧، بەرهەم ساڵح نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەیەكێتی پێشكەش بەكۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كرد.
بەرهەم ساڵح، سەرۆکی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لۆگۆ و رەنگی قەوارەکەی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، قەوارەی دیموکراسی و دادپەروەر-ی پەسندکرد، کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی دەکات.
بەرهەم ساڵح ،لە توویتەری خۆی پەسندکردنی قەوارەکەی بۆ هەڵبژاردنەکان پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت “بەهیوای بەدیهێنانی حوکمڕانی باش و دادپەروەر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان”.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆماری (هاوپەیمانی بۆ دیمکراسی ودادپەروەری) پەسەندکرد.بەهیوای بەدیهێنانی حوکمڕانی باش ودادپەروەر بۆخزمەتی هاوڵاتیان pic.twitter.com/cuyILxNj0c
— Barham Salih (@BarhamSalih) September 17, 2017
ژمارەیەك كادرو بەرپرسی مەڵبەندەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵحن[٣]
بەكر سدیق، یەكێك لەئەندامانی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، دەڵێت “بەرنامەی سیاسی هاوپەیمانییەتییەكە بەقەد باڵای نەهامەتییەكانی خەڵكە، گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاساو تێكچوونی باڵانسی سیاسی و كێشەكانی دیكە، وایانكرد لیست دروستبكرێتو لەو رێگایەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین، بۆیە كاك بەرهەم دەیەوێت لەم رێگایەوە خزمەت بەپرۆسەی سیاسی بكات”.
بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی، كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدایە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت “ژمارەیەك كادرو بەرپرسی مەڵبەندەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵحن، بەڵام دكتۆر بەرهەم زۆر كار لەسەر ئەوە ناكات بەرپرسانی یەكێتی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، ئەو نایەوێت وەك بزووتنەوەی گۆڕان، سەركردەكانی یەكێتی ئەوانەی لەگەڵ كاك بەرهەمن ببنە دەموچاوی دیاری قەوارەكە”.
ئاسۆ عەلی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی، دەڵێت، دۆخی یەكێتی ئاڵۆزە “راگەیاندنی ئەو قەوارەیە، بەمانای راگەیاندنی شكستی ناوەندی بڕیار دێت، ئێستا ناوەندییەتی بڕیار لەنێو یەكێتی تەواو لاواز بووە، جاران پەسەند نەدەكرا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو رەوشەوە هەر كەس بۆ خۆیەتی”.
بەكر سدیق، ئەندامی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری دەڵێت “كاك بەرهەم وەك كاك نەوشیروان ناكات و دژایەتی یەكێتی و هیچ حزبێك ناكات، بەڵكو هەوڵدەدات لەڕێگەی ئەو بەرنامەیەی، كە هەیەتی، پرۆسەی سیاسی بكەوێتەوە مەداری راستەقینەی خۆی”.
نەوەی نوێ کەسێک، کە بەقسەی رەق دابەزێتە سەر لایەنی بەرامبەر، پشتگیری دەکەن
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسن عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لیستی یەکیتی نیشتمانی کوردستان، سەبارەت بە جیابوونەوەی د. بەرهەم ساڵح و پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری رایگەیاند، ئێستا عیراق و بەتایبەتی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا دەرباز دەبێت، خەونەکانی نەوەی نوێ زۆر جیاوازە لە نەوەی کۆن، جیابوونەوەی د. بەرهەم لەوانەیە خەونێک بۆ نەوەی نوێ یان ئەوانەی، کە بێزارن لە یەکێتی و پارتی یان لە زۆنی سەوز، پێش ئەم خەونە گۆڕان لە یەکێتی جیا بووەوە، گەنجەکان و نەوەی نوێ خەونێکی هەبوو، بەڵام نەهاتە دی و پارتی و یەکێتی تێربوون، کە خەونەکانیان لە گەڵ گۆڕان ببینن. لەم رەوشە لاوازە پێموایە خاڵێکی ئەرێنییە، کە ئەو کەسانەی لە دەرەوەی یەکێتی و پارت و تاڕادەیەک لە دەروەی گۆڕان کاردەکەن.
موحسن عوسمان دەڵی، لە بەرانبەر ئەوەشدا کۆمەڵێک خاڵی نەرێنی هەیە، کە ئەگەر باسی بەرهەم ساڵح بکەین هەر لە ١٩٩١ەوە تا پێش ماوەیەک لە گەڵ یەکێتی بووە، بە هەموو لایەنی باش و خراپەوە، لە یەکێتیدا کەسی دیارە و کەسی سێهەم بووە دوای مام جەلال و کۆسرەت رەسول، ئەو کارانەی یەکێتی کردوویەتی لە ئەلفەوە تا یا، بەرهەم ساڵح بەرپرسی ئەو شوێن و دامەزراوانە بووە، کە ئێستا دەڵێ نیگەتیڤن یان پشتیان لە خەڵک کردووە.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ئەوە نییە، کە ئایدۆلۆژیەکی تری هەیە، بەڵکو بەرژەوەندی ئەو تێکچوو، ئەوجا بیری لە ئەڵترناتیڤێکی تر کردەوە. پێش ئەوە بیری لێنەکردبووەوە، بۆ نمونە لە شەڕی براکوژی، کێشەی ناو پەرلەمان و ئەو کێشەیەی دروستبووە لەناو سیاسەتوانی کورد، بەرهەم ساڵح قسەی نەبووە.
موحسن عوسمان ئاماژە بەوەدەکات، کە لە باشوری کوردستان، نەوەی نوێ یان خەڵک لەسەر رق پەروەردە کراوە، کەسێک کە قسەی رەق بکات و کەسێک بێت بەقسەی رەق دابەزێتە سەر لایەنی بەرامبەر، ئەم نەوەیە ئەو کەسانەیان پێ باشە. بەرهەم ساڵح ئەو سرووشتەی نییە، کە بەرەقی دابەزێتە سەر یەکێتی یان پارتی. دەشڵێت، دەرد و برینی خەڵک بەوە تێر نابێت، کە لە یەکێتی یان پارتی جیابیتەوە، بەڵکو بەوە تێر دەبێت، بە توندی دابەزێتە سەر یەکێتی یان پارتی یان گۆڕان، ئەمە لەگەڵ سرووشتی بەرهەم ساڵح یەک ناگرێتەوە، لەوانەیە ئەمە لەگەڵ سرووشتی شاسوار یان لایەنێکی دیکە بگونجێت، بەداخەوە خەڵکەکە وا پەروەردە بووە لەوە نزیک دەبێتەوە کێ رەق ترە لەوە نزیک دەبێتەوە، نەک کێ عاقڵ ترە یان واقعی و مەعقوڵ ترە.
بەرهەم ساڵح چانسێکی زۆر گەورەی نییە
موحسن عوسمان پێوایە، لە سلێمانی دابەشبوونێک دروستدەبێت، لە نێوان یەکێتی و گۆڕان و بەرهەم (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری) شاسوار-یش، بەڵام بەرهەم بەپێی ئەو پێوەرە، کە بیری لێدەکەمەوە، چانسێکی زۆر گەورەی نییە، لەوانەیە لە ناوخەڵکدا ئێستا خەڵکی خۆی هەبێ، بەڵام کە دەبێتە کاتی هەڵبژاردن و دروشمەکانی لایەنەکان و کەش و هەوایەکی تر، بۆ خەڵک دەگۆڕیێت، ئێستا لە ناو کوردستان دا خەڵک ناڕازییە لە لە هەموو پارتەکان، بەڵام کە بووە هەڵبژاردن و ئاوازی لایەنەکان و کەش و هەوایەک دروست بوو؛ هەموو شتەکان دەگۆڕدرێت، لەبەر ئەوە هەر پارتێک کۆمەڵێک شت دێنێتە پێشەوە، کە چی کردووە و چی نەکردووە، د. بەرهەم پۆستی هەبوو، لە سلێمانی سەرۆکی حکومەت بوو لە هەولێریش سەرۆکی حکومەت بووە و لە بەغداش جێگری سەرۆککۆمار بووە، زۆر پۆستی بینیوە، ئایا لەو پۆستانە چی کردووە بۆ خەڵک، کە بە دیاریکراوی بە دەستنیشانی بکات.
خەون بە بەرهەم ساڵحەوە نابینم
پەرلەمانتارەکە دەشڵێت “سیاسەت ئەو شتەیە، کە لەواقعدا هەیە، لەدەرەوەی ئەوە خەیاڵ دروست بکەی ئەوە لای شاعیران هەیە، بەڵام لە واقعدا شتێکی واقع دەبێتە سیاسەتی راستی. زۆر خەون بە بەرهەم ساڵحەوە نابینم، چونکە نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک تایبەتمەندی و کاریزمای هەبوو؛ ئێستا ئەو کاریزمایە لە باشور پەیدا نابێت. ئەو کاتەی گۆڕان جیابووە زەمینە سازی وەک ئێستا نەبوو خەڵک برسی و بێ موچە نەبوو و لەحزبەکان تێر نەبوو؛ زەمینە سازی ئەو کات باشتر بوو، بەڵام گۆڕان خۆی نەگەیشتە ئەو شتەی، کە باسی دەکرد”.
ئێستا ئەم جوڵانەوەیە ناتوانێ وەک گۆڕان بچێتە پێشەوە، چونکە گۆڕان زۆر بەهێزتر بوو لەمان، پێموایە د. بەرهەم ئەو دەنگانە ناهێنێ،کە خەڵک قسەی لەسەر دەکات. نەوشیروان مستەفا کەسێکی پاک و کۆمەڵێک سیفەتی هەبوو، وەک حەزنەکردنی لە خانووی گەورە و جل و سەیارە. کەدەتوانی ئەو شتانە بەکار بێنی، بەڵام خانووی بەرهەم لە هەولێر و زۆر شوێنی دیکە زۆر جیاواز نییە لە مەسئولەلانی تر. ئەوەی لەدەستی بەرهەم هات کردی، بەڵام چی بۆ خەڵک کرد، ئەگەر باسی دەڤەری بادینان بکەم، لە ١٩٩١ەوە هەتا ئێستا سەردانی بادینانی نەکردووە. بڕواناکەم لەهەولێریش چوار ماڵە شەهید یان چوار گەنجی، رۆشنبیر و…هتد بینیبێت. ئەم کەسە نەهاتۆتە ناو خەڵک، تەنیا لە قەڵای خۆی لە سلێمانی بووە و تێکەڵاوی دروستنەبووە. گوتیشی “بەرهەم ساڵح هیچ پڕۆژەیەکی پێ نییە لە دەرەوەی حزبەکانی دیکە، کە واقعی بێت”.
بەرهەم ساڵح لە ئەزمووندایە و یەکێتی لە واقعدایە
لەبارەی پشتگیری دەرەکی لە بەرهەم ساڵح موحسن عوسمان دەڵی، ئێران و ئەمریکا لە پشت پەردەوە حوکمی عێراق دەکەن، مامەڵە لە گەڵ واقع دەکەن؛ بەرهەم ساڵح لە ئەزمووندایە و یەکێتی لە واقعدایە؛ لەبەر ئەوە بڕوا ناکەم کە ئەمریکا یان ئێران پشت بەوانە ببەستن، لەوانەیە یارمەتی بکەن، بەڵام نەک لەو ئاستە. دەشڵێت “هیچ جیاوازییەک لە جەماوەری یەکێتی، گۆڕان، و بەرهەم ساڵح و شاسوار نییە. ئەوان دەتوانن لە ژێر فشاری قاعیدە لە یەک نزیک ببنەوە”.
مالیکی نهێنییەک ئاشکرا دەکات[٤]
نوری مالیکی، جێگری سەرۆككۆماری عێراق، لە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی کەناڵی دیجلە رایگەیاند “بەرهەم ساڵح، سیاسەتوانی دیاری كورد و ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێیڕاگەیاندم، پارتەكەی خۆی (یەکێتی) لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەوت دەدزن، نەك بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان”.
مالیكی هەروەها دەڵێ “لەڕێگەی مانگی دەستكردەوە وێنەی نەفتخانەمان وەرگرت، دەركەوت چەندین تانكەری نەوت لەدوای یەكدی وەستاون و لە بیرەكاندا نەوت دەدزن. نەوتەکە بەرەو ئێران و ئەفغانستان دەگوازرایەوە، بەدوای بەڕێز بەرهەم ساڵحم نارد، كە جێگری سەرۆكوەزیران بوو، پێمگوت: ئەوە چییە بەرهەم؟ ئەو دزینی نەوتە چییە؟ پارتی دیموكراتی كوردستان نەوت دەدزێت، گوتی لە راستیدا تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، تەنانەت یەكێتی نیشتیمانیش دەیدزێت”.
نوسینگەی رۆژنامەوانی بەرهەم ساڵح مالیکی لە ساڵی ٢٠٠٦ بووە
نوسینگەی رۆژنامەوانی بەرهەم ساڵح، سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێ “نوری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیی کەناڵی دیجلە، باس لە وتوێژێکی ساڵی ٢٠٠٦ دەکات لەگەڵ دکتۆر بەرهەم. کە سەبارەت بەقاچاخ بردنی نەوت لە کێڵگەی نەفتخانە لە خوارووی خانەقین بووە”.
وەکو لە روونکردنەوەکەدا هاتووە “ئەو دیدارەی بەرهەم ساڵح و نووری مالیکی بۆ زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەداخەوە هەندێک میدیای جێی گومانیش دەیانەوێت وا نیشانی بدەن، کە مێژووی ئەو گفتوگۆیە هاوکاتی مێژووی دوای گشتپرسی و لەدەستدانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە. وەک ئەوەی بیانەوێت پەردەپۆشی شکستە گەورە و نوێکانیان بە لێڵکردنی راستیەکانی ئەو دیدارە کۆنەوە، بکەن”.
لەو دیدارەدا، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەنجام دراوە، وەکو نووسینگەی رۆژنامەوانیی بەرهەم ساڵح ئاشکرای دەکات “دکتۆر بەرهەم گوتوویەتی، ئەو بەقاچاخ بردنە تەنها کاری یەک لایەن نییە، وەکو مالیکی جەختی دەکردەوە، کە ئەو کارە تەنها پارتی بێت، ئەم کاری بەقاچاخبردنی نەوتە، لایەنی سەر بە پارتی و سەر بە یەکیتیشی تێدا بەشدارە، هەربۆیەش دوای ئەو گفتوگۆیە نووری مالیکی و دکتۆر بەرهەم، راستەوخۆ سەردانی جەنابی مام جەلال دەکەن بۆ رێگریکردن لەو بەقاچاخبردنە، کە بەپێی زانیاری و وێنەی مانگە دەستکردەکان، کاروانی تانکەرەکان دەگەیشتنە ئەفغانستان و ناوەڕاستی ئاسیا”.
نوسینگەی رۆژنامەوانی بەرهەم ساڵح دووپاتی دەکاتەوە “بەهیچ جۆرێک باسی جوڵانی هێز نەکراوە و، هەوڵدراوە لە رێگەی جەنابی مام جەلالەوە رێگری لەو کارە بکرێ. بۆیە بە گرنگی دەزانین دووپاتی بکەینەوە؛ ئەوکاتە و ئیستاش لای دکتۆر بەرهەم تاڵانی نەوت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، کاری تاک لایەن نەبووە و نییە، بەڵکو کاری هاوبەشی تۆڕێکی مشەخۆرە، کە یاری بە موقەدەراتی گەل دەکەن، بەرژەوەندییەکانیان لەسەر کۆمپانیای هاوبەش و برابەشی و تاڵانی وڵات بنیاتنراوە، کە سنوورەکانی حیزب، ناوچە، مەزهەب و نەتەوەشی تێپەڕاندووە و، ئەم نیشتمانەیان بەم رۆژگارە ناخۆشە گەیاندووە”.
ئەزمونەكە بۆ یەكێتی تازە نییە[٥]
نوێترین ئەزمونی یەكێتی لەگەڵ جیابوونەوە، هاتنە دەرەوەی نەوشیروان مستەفا بوو لەو حزبە، كاتێك لە ساڵی ٢٠٠٦ دا بە تەواوەتی دەستبەرداربوونی خۆی لەو حیزبە ڕاگەیاند، لەسەرەتادا نەوشیروان مستەفا كۆمپانیایەكی بۆ ڕاگەیاندن و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی بەناوی “وشە” دامەزراند، دواتر ئەمە سەری كێشا بۆ دامەزراندنی حیزبێكی سیاسی بەناوی “بزوتنەوەی گۆڕان”.
یەكێتی بە لەگەڵ دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان، كەوتە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی هاوسۆزی نەوشیروان مستەفا یان ڕونتر بڵێین گۆڕان بوون و لەناو یەكێتیدا بون.
لێپرسینەوەی یەكێتی، لەو كەسانە تا ئاستی دەركردن و نانبڕین و هەڕەشەلێكردن و زۆرجار هەوڵدان بۆ پەشیمانكردنەوە لەرێگای ئیمتیازی شەخسی و حزبیەوە ڕۆیشت، ئەمەش بەردەوام بوو بۆ ماوەی چوار ساڵ تا ئەوكاتەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی كۆچكردوی یەكێتی و نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردوی بزووتنەوەی گۆڕان لە دیدارێكدا لە ساڵی ٢٠١٢لە دەباشان كۆبونەوە، ئەمەش سەرەتای گۆڕانكاری پەیوەندی ئەم دوو هێزە بوو لە دژایەتیەوە بۆ كاركردنی پێكەوەیی.
د. بەرهەم ساڵح، كە دواین پۆستی لەناو یەكێتیدا، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، بۆ ماوەی نزیك بە سێ ساڵ بوو كاری حیزبی لەناو یەكێتیدا هەڵپەساردبوو، دواجار ئەم هەڵپەساردنە بە هاتنە دەرەوەی لە یەكێتی كۆتایی هات، بەرهەم ساڵح بەتەنها هاتە دەرەوە بەڵام چەندین كەس لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی هاوسۆز و هاودیدی بەرهەم ساڵحن و هێشتا لەناو یەكێتیدان،
مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ هاودیدەكان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە “دیپلۆماتیك” ی وت، ئەوانەی كە لە یەكێتیدا هاودیدی بەرهەم ساڵحن، مێژوویەكی گەورە و كاریگەرییان لە یەكێتیدا هەبووە و بە مانەوەیان لەیەكێتیدا گەورەتر و كاریگەرتر دەبن لەوەی بچنە حیزبێكی نوێوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی، ئاساییە لەناو یەكێتیدا خەڵكانێك هاوسۆزی بەرهەم ساڵح بن، بەڵام پێویستە ئەم بابەتە یەكلابكرێتەوە و ناكرێت كەسانێك لەناو یەكێتیدا بن و دام و دەزگا و پۆستەكانیان لە یەكێتیدا بۆ بەرژەوەندی حیزبێكی تر بەكاربهێنن، پێویستە ئەو كەسانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و سزا بدرێن.
ئەنجام
چاوەڕێ دەكرێت ئەم بابەتە هاوشێوەی گۆڕان ساڵانێك بخایەنێت، بەدوور دەزانرێت یەكێتی بتوانێت لە كۆنگرەی ئەم جارەیدا چارەنوسی هەموو ئەو كەسانە یەكلا بكاتەوە، بەتایبەت كە دۆخی باش نییە و هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی لەپێشە.
ئەوەی تێبینی دەکریت ئەم لیستە نوێیە بەشێکی بەرچاو لە دەنگدەران. و هەڵسوڕاوانی یەکێتی لە گەڵ خۆی بخات و تا ئەندازەیەک یەکێتی پێ لاواز بێت، بەڵام سەرەڕای پڕ کێشەی گۆڕان، بارودۆخی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەوان باشتر نابێت.
ئەم ئاراستە نەرمە بۆ بەرهەم ساڵحیش راستە، كە پێناچێت پەلە بكات لە هێنانە دەرەوەی هاودیدەكانی و ئەوەش كارتێكی فشاری باش و پارێزبەندییەكی باش دەبێت، بۆ خۆی و حزبەكەی تاوەكو لە هەر بەیەكدادان و گرژییەك دوور بن.
سەرچاوەکان
١ـ http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/100120186
٢ـ https://twitter.com/BarhamSalih/status/909405052758056960
٣ـ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=95792
٤ـ http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/3110201716
٥ـ http://www.diplomaticmagazine.net/politics/76