نوچەنێت: روداو
لە نزیک گرتووخانه‌ی فیدراڵی چەمچەماڵ لەسەر گواستنەوەی زیندانییان شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزێکی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی و کۆمەڵێک چەکدار روویدا، بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکە بریندار بوون، پێنج کەسیش دەستگیرکران.
ره‌مك ره‌مه‌زان، قائیمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ به تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند: “شه‌وی رابردوو هێزێکی دژه‌تیرۆر هاتنه چه‌مچه‌ماڵ بۆ گواستنه‌وه‌ی زیندانییه‌كانی گرتووخانه‌ی فیدراڵی چەمچەماڵ (قەڵا سپییەکە)، به‌ڵام به‌هۆی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه رووبەڕووبوونه‌وه‌یه‌ك روویدا و بووه هۆی كوژرانی كه‌سێك به ناوی (بێستوون نازم حه‌مه‌ی سلێمان) و برینداربوونی دوو كه‌سی دیكه”.
قائیمقامی چه‌مچه‌ماڵ ئاماژەی بەوە کرد کە بارودۆخه‌كه كۆنترۆڵكراوه و رووبه‌ڕووبوونه‌وه كۆتاییهاتووه. ئەو کەسەی کوژراوە ئامۆزای عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، باژێڕوانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانە لە چەمچەماڵ، دوو بریندارەکەش هەر دانیشتووی چەمچەماڵن، هیچ زانیارییەکیش لەبارەی زیانەکانی هێزەکەی دژەتیرۆر نییە.
هاوکات سەمیر هەوارمی، سکرتێری رۆژنامەڤانیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “هێزەکەی دژەتیرۆر بە ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستان ویستوویەتی زیندانییەکان بۆ گرتووخانەی سووسێ بگوازێتەوە، بەڵام لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداری سنوورەکە کە لە بەندیخانەکە کاریان کردووە، کێشەیان لەنێوان دروستبووە”.
به‌پێی زانیارییه‌كانی رووداو، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه له‌نێوان هێزێکی دژه‌تیرۆر و چەند چەکدارێکی دانیشتووی چەمچەماڵ بووه، ئه‌و چەکدارانە خواردن و پێداویستی گرتووخانه‌كه ئاماده‌ده‌كه‌ن، له‌ڕێگه‌ی ته‌نده‌رینه‌وه وه‌ریانگرتووه و پاره‌یان لای حكومه‌تی عێراقه، پێیانوابووه به گواستنه‌وه‌ی زیندانییه‌كان ئه‌و ماف و قه‌رزانه‌یان ده‌فه‌وتێت كه لای حكومه‌تی عێراقه.
پێشتر سێ هەزار زیندانی لە گروتووخانەی فیدراڵی بەندکرابوون، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر بڕیاردرا زیندانییەکان بۆ گرتووخانەی سووسێ لە شارۆچکەی پیرەمەگروون بگوازرێنەوە و گروتووخانەی فیدراڵی دابخرێت، هەفتانەش 200 زیندانی دەگوازرانەوە، شەوی رابردووش کاتێک شەڕەکە دروستبوو تەنیا 540 زیندانی لە گرتووخانەکە مابوون.
گروتووخانەی فیدراڵی و گرتووخانەی سووسێ هەردووکیان سەر بە حکومەتی عێراقن و لەدوای ساڵی 2003 ەوە لەو ناوچانە کراونەتەوە، زۆربەی زیندانییەکانیش بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون.
دوای چەند کاژێرێک دەزگای دژەتیرۆری سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی شەڕەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ” كاژێر 02:30ی خوله‌كی شه‌وی رابردوو، هێزه په‌یوه‌نداره‌كان و ده‌زگای دژه‌تیرۆر كه ئه‌ركی پاراستنی گواستنه‌وه‌ی تیرۆریسته به‌ندكراوه‌كانیان بۆ به‌ندیخانه‌ی سووسێ جێبه‌جێ ده‌كرد، له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه به چه‌كی قورس په‌لاماردران، هێزه په‌یوه‌نداره‌كان وه‌ڵامیاندانه‌وه و له ئاكامی پێكدادانەکەشدا كه‌سێك كوژرا، سێ كه‌س بریندار بوون و پێنج كه‌سیش له به‌شداربووانی په‌لاماره‌كه ده‌ستگیركران و ئێستا له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان”.
دەزگای دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دادی عێراق بڕیاری داخستنی گرتووخانه‌ی فیدراڵیی چه‌مچه‌ماڵی داوە، داوا له لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوە هاوكاربن له گواستنه‌وه‌ی به‌ندكراوانی گرتووخانه‌ی فیدراڵیی چه‌مچه‌ماڵ بۆ به‌ندیخانه‌ی فیدراڵیی سووسێ، کێشەکەش هەر لەو چوارچێوەیە دروستبووە.