نوچەنێت: تایبەت
بڕیارە لەم هەفتەیەدا گفتۆگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق بکرێت، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە تائێستا هیچ گۆڕانکارییەك لە پڕۆژەیاساکەدا نەکراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رێناس جانۆ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “ئەمڕۆ هیچ پڕۆژەیاسایەک لەپەرلەمان پەسەند نەکرا، تەنها گفتۆگۆ کرا لەسەر پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و سبەینێش بەردەوامی پێدەدرێت”.
رێناس جانۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، بڕیاریاندا لە دانیشتنەکانی داهاتوودا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق و پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆ بکرێت.