تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و هاوپه‌یمانیەتیانه‌ی له كوردستانه‌وه دروستكراون ته‌واو حزبییه بۆیه به‌شداریمان تێدا نه‌كردووە. ده‌شڵێت “هاوپه‌یمانیەتییه كوردیه‌كان مۆركی كوردانه‌ی پێوه نییه”.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 14/1/2018، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له به‌یاننامه‌یه‌كدا، هه‌ڵوستی حزبه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق راگه‌یاند و بریاریاندا بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی پەرله‌مانی عێراق بكات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د. عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، سه‌باره‌ت به هۆكاری بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان داهاتووی عێراق له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌یه‌وه رایگه‌یاند: بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له سۆنگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بڕیاری داوه بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق بكات، چونكه پێیمان وایه سه‌نگی كورد به‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌وە لاواز ده‌بێت و ئه‌و هاوپه‌یمانه‌تیانه‌ی، كه له كوردستانه‌وه دروستبوون حزبین، نه‌ك هاوپه‌یمانێتی كوردانه.
عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌گه‌ر هاتوو له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ریم، لیستی هاوبه‌شی كوردی پێكبێت ئه‌وا قسه‌ی دیكه‌مان ده‌بێت.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئاشكرای ده‌كات، هیچ ریككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی نییه بۆ چوونی ده‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه بۆ یه‌كگرتوو؛ ئه‌گه‌ر وا بوایه ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی بلاو نه‌ده‌كرده‌وه.