تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی كورد له په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌مزووانه په‌رله‌مان یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كان تێپه‌رێنێت، چونكه ناكۆكی زۆری له‌سه‌ر نه‌ماوه.
بڕیاره ڕۆژی 12/5/2018 هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق به‌ڕیوه‌بچن، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆکی لایه‌نه جیاجیاكانی ناو په‌رله‌مان، تا ئێستا نه‌توانراوه هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بهێندرێته په‌رله‌مان و هه‌مواری یاساكه تێپه‌ریێنێت.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، زانا رۆستایی، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی عێراق، سه‌باره‌ت به ناكۆكی په‌رله‌مانتاران بۆ په‌سه‌ندنه‌كردنی هه‌مواری یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند: هه‌مواری یاسایی هه‌ڵبژادنه‌كانی عێراق ناكۆكی زۆری له‌سه‌ر نه‌ماوه، بڕیاره سبه‌ی لیژنه‌ی یاسایی كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر تاوتوێ كردنی هه‌مواری یاساكه و ناردنی بۆ په‌رله‌مان تاوتوی بكه‌ین.
زانا رۆستای دەڵێت، له ماوه‌كانی رابردوودا گفتوگۆی زۆر له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی هه‌مواری یاساكه كراوه، وه‌ك ته‌مه‌نی كاندید بۆ په‌رله‌مان، بڕوانامه‌ی كه‌سی كاندید، هه‌روه‌ها یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له نێوان سیسته‌می یه‌ك بازنه بۆ عێراق یان سیسته‌می فره بازنەیی.
به بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كۆمه‌لی ئیسلامی، به‌مزووانه هه‌مواری یاسایی هه‌ڵبژاردن دێته په‌رله‌مان و یاساكه تێده‌په‌ڕێندرێت، چونكه ناكۆکی زۆری له‌سه‌ر نه‌ماوه و هه‌ڵبژاردنه‌كانیش نزیكه.