‌سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی: ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تیان بۆ دروستكردم به‌ جاشایه‌تی ناسراون

0

نوچەنێت

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو تۆمەتەی خرابووە پاڵی، كە گوایە بڕوانامەی نییە، لە دادگای رەسافە لە بەغدا یەكلایی كراوەتەوە، ئەو كەسانەی ئەو تۆمەتەیان بۆ دروستكردووه‌ ناسراون بە “لەكەداری و جاشایەتی، ئەگەر واز نەھێنن لە راگەیاندنەكان ناویان ئاشكرا دەكەم”.

ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ ١٣-١-٢٠١٨، ئارێز عەبدوڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا  رایگه‌یاند :”ھەوڵێك ھەبوو بۆ ئەوەی كۆسپ بخرێتە بەردەم ئیش و كارەكانم و ناوم لەكەدار بكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بووم بە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەو ھەوڵانە دژی من لەلایەن كەسانێكەوە بوون، كە ناسراون بە لەكەداری و ساختەچێتی و جاشایەتی.

ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت”من پێشتر ئەو كەسانەم لە رێگەی جیاجیا ئاگاداركردەوە، كە كاری لەم جۆرە تەنیا خزمەت بە ناحەزانی میللەتەكەمان و فراكسیۆنەكەمان دەكات، بەڵام بەداخەوە كارەكە كرا، ھەر زووش روونكردنەوەمداوە كە ئەمە تۆمەتێكی ھەڵبەستراوەو دادگا یەكلایی دەكاتەوە”.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئەوەش ئاشکرا دەکاتکە “لە دادگای رەسافە لە بەغدا، لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە كراو دەركەوت كە تۆمەتەكە ھەڵبەستراوە. بڕوانامەی من لە پەروەردەی ھەولێرە، بە ھیچ شێوەیەك نووسراو ئاراستەی پەروەردەی ھەولێر نەكراوە وەك بە دواچوون بۆ تۆمەتەكە، ھەروەھا لەو رۆژەی من چوومە بەردەم دادگا ئەو رۆژە كەناڵە عیراقییەكان بە ھەرسێ زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و كوردی، ھەواڵەكەیان بڵاوكردەوە، ھەڵبەستنی ئەو تۆمەتە بۆ لەكەداركردنی من بەرنامە بۆ دارێژراو بوو”.

بەپێی قسەکانی ئارێز عەبدوڵڵا دووکەس ئەو تۆمەتەیان بۆ هەڵبەستووە”دوو كەس لە دوو فراكسیۆنی جیاوازی كوردستانی ئەو تۆمەتەیان بۆ من دروستكردبوو، لە سەردەمی بەعس دەستگیركراوم، بەڵام ئازارم نەچێشت، چونكە دەمزانی ئەو رژێمە دژی گەلی كوردە و میللەتەكەم سەركوت دەكات”.

هاوکات هۆشداری دەدات”بەداخەوە ئێستا جارێكی دیكە پەنا دەبرێتەبەر دامودەزگاكانی دەوڵەت، دەیانەوێت دام ودەزگاكانی عێراقیش چەواشە بكەن، ئەوە سەرەتاییەكی زۆر مەترسیدارە، ھیوادارم لێرەوە كۆتایی پێبێت، ئەگەر ئەو كەسانەش واز لەو رەفتارانە بێنن گەردەنیان ئازابێ، بەڵام ئەگەر واز نەھێنن لە راگەیاندنەكان ناویان ئاشكرا دەكەم و لە دادگاش سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەم”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com