نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، تا ئەو کاتەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی د. یوسف قبوڵ دەکرێت، دەستەی سەرۆکایەتی ئێستا هەر بڕیارێك دەربکات شەرعییە.
بڕیاره پهرلهمانی كوردستان، سبهی چوارشهممه، کۆببێتەوە بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە خوێندنهوهی یهكهم بۆ پرۆژه یاسای چاكسازی لهخانهنشینی و موچه و چهند پرۆژهیهكی یاسایی دیکە دەکات، بهڵام بههیچ جۆرێك باسی دهستلهكاركێشانهوهی سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، د. یوسف محمدی تێدا نییە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەیوب عەبدوڵڵا ئیسماعیل، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەی پەرلەمان رایگەیاند “بەرنامەی کاری پەرلەمان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دیاری دەکرێت، هیچ ئەندامێکی پەرلەمانی بۆ نییە بەرنامەی کار دیاری بکات، بۆیە تا ئەو کاتەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی پەرلەمان قبوڵ دەکرێت، ئەم دەستەی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان هەر بڕیارێك دەربکات، شەرعییە، چونکە ئەو دەستەیە بەرنامەی کارەکە رێک دەخات و دایدەنێت”.
لە بارەی دانەنانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەبەرنامەی کاردا سبەی هەڵوێستیان چی دەبێت، گوتی “د. یوسف خۆی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی نوسیوە، پەشیمان بوونەوە و نەگەڕانەوەی تێدا نییە، بۆیە هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، کە دەنگدانی لەسەربکرێت و پەسەندبکرێت”.
ئەیوب عەبدوڵڵا، لەبارەی هۆکاری دانەنانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی پەرلەمان لەبەرنامەی کاردا دەڵێت “لەوانەیە ئەوانیش بەهۆکاری ئەوەی، کە تاوەکو ئێستا رێککەوتن نەکراوە بۆ جێگرەوەی د. یوسف، چونکە ئەگەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵبکرێت، دەبێت کۆبوونەوەی دوای ئەو کەسێك بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت”.