نوچەنێت: روداو
لە پەرلەمانی بەریتانیا دانیشتنێک لەبارەی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو سیاسەتانە دەکرێت کە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی لەلایەن حکومەتی لەندەنەوە لە عێراق پەیڕەوکراون.
کوردستان حەسەن، پەیامنێری رووداو لە لەندەن رایگەیاند: تائێستا دیبەیتەکە دەستی پێنەکردووە، بڕیارە کاژێر 2:45 خولەک بەکاتی لەندەن، واتە 5:45 خولەک بەکاتی کوردستان لەنێو تەلاری پەرلەمان دەستپێبکات.
پەیامنێری رووداو دەڵێ: لە دیبەیتەکەدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوڕاست و لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەیەک پەرلەمانتار بەشداردەبن، هاوکات سەرۆکی تاسکی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران لەوێ ئامادەدەبن.
دیبەیتەکە لەژێر ناوی “هەڵوێستی بەریتانیا بەرامبەر بە خەونی کورد”ە. بەگوتەی پەیامنێری رووداو، پێدەچێت لە دیبەیتەکەدا باسی ئەوە بکرێت بۆچی کورد نەیتوانیوە ئامانجە گەورە ستراتیژییەکانی خۆی بەدەستبێنێت؟ ئەو لەمپەرانە چیبوون؟ هەروەها هەڵوێستی بەریتانیا بەرامبەر بە خەونی کورد و لێکەوتەکانی دوای گشتپرسی، ئەمەش لەکاتێکدایە تائێستا کوردستان لەژێر گەمارۆیەکی سەختی عێراقدایە بەهۆی ئەوەی گشتپرسی ئەنجامداوە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد کە تائێستا پرسی کورد لە نێوندە گرنگەکانی لەندەن بەردەوام باسدەکرێت، ئەمڕۆ دووەم رۆژی دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمانە، لەگەڵ پرسە گرنگەکانی دیکە پرسی کورد دەبێتە مژارێکی گەرمی نێو تەلاری پەرلەمان.
بەریتانیا یەکێک بوو لەو وڵاتە زلهێزانەی هەر لە سەرەتاوە دژایەتی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی راگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپاتکردەوە، دوای 16 ی ئۆکتۆبەریش پشتیوانی بۆ مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا نیشاندا و لە چەند پەیامێکی جیاوازدا رایگەیاند بەرگری لە کورد دەکات.
هەر پەیوەست بە گشتپرسی، هاوشێوەی سەرۆکی فەرەنسا و راوێژکاری ئەڵمانیا، تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتکردووە، بڕیارە بەمنزیکانەش سەردانەکە ئەنجامبدات و لە نزیکەوە دۆخی کوردستان و کاردانەوەکان تاوتوێ بکەن.