نوچەنێت
شەوی رابردوو بە هۆی دەستڕێژی گوللە لەنێو شاری كەركوك دوو گەنجی کورد کوژران، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەكەش دەڵێت بکوژەکان رایانکردووە و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون.
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر کە بەهۆی هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک و دەوروبەری پاشەکشەیان کرد، تاوانە جۆراوجۆرەكان بەتایبەت كوشتن زیادیكردووە.
خەتاب عومەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك بە (رووداو)ی راگەیاند، شەوی رابردوو 8-1-2018 لە گەڕەكی عەدەمی شاری كەركوك لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە دەستڕێژی گوللە لە دوو گەنج کرا و هەردووکیان کوژران.
بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك باسی رووداوەکەی کرد و گوتی “هەردوو گەنجەکە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، ئەوی دیکەشیان تاوەكو نەخۆشخانە مابوو، بەڵام بەداخەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا”.
خەتاب عومەر جەختی کردەوە، کە بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران هەوڵەكانیان چڕكردوونەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ناسنامەی بكوژەكە یان بکوژەکان ئاشكرانەكراوە.