نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تائێستا حەیدەر عەبادی سورە لەسەر ئەوەی کە بودجە بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێنرێت، وەڵامی داواکارییەکانی کورد و سوننە نەدراوەتەوە.
بڕیارە سبەینێ ٧-١-٢٠١٨ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، بەپێی زانیارییەکان، تائێستا بودجە نەخراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ دانیشتنەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کورد و بەشێکی لایەنە سوننەکان تێبینییان هەیە لەسەر بودجە، پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە بەهۆی ناڕازی لایەنەکان نەتوانرێت بودجە ٢٠١٨ تێپەڕێنرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، خۆشەوی خەلیل ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی گۆڕانکاری لەبودجەی عێراق رایگەیاند”تائێستاش حەیدەر عەبادی، سورە لەسەر ئەوەی کە بودجە بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێنرێت، بەنوسراوی فەرمی وەڵامی فراکسیۆنەکانی داوەتەوە کەئامادە نییە گۆڕانکاری لە بودجەدا بکات، ئەوەش خراپترین بودجەیەی عێراقە لەدوای ٢٠٠٣ وە دانراوە، چونکە غەدر لەهەرێمی کوردستان و پارێزگا سونییەکانیش کراوە و هیچ حسابێك ن بۆ ئاوەدانکردنەوەیان، نەکراوە”.
خۆشەوی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە دوای ئەوەی کە لەکۆبوونەوەکانی رابردوو، بەهۆی بایکۆتی فراکسیۆنە کوردیەکان و بەشێکی لایەنە سوننەکانەوە نەتوانرا رێژەی یاسایی بۆ دانیشتن تەواو بکرێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە بودجە نەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە تاوەکو دەگەنە رێککەوتنێکی تەواو لەسەری، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، لەو بڕوایەشدانیم سبەنێ بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە”عەبادی تێبینی فراکسیۆنە کوریەکان و لایەنەسوننەکانی لە بەرچاو نەگرتووە و وەڵامی داواکارییەکانی کورد و سونە نەدراوەتەوە، بۆیە باوەڕناکەم بودجەی ٢٠١٨بەم شێوەی ئێستا تێپەڕێنرێت”.