نوچە-رادیۆ زەمانە
موحسین رەزایی، ئەمینداری گشتی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران، بە گوتەی خۆی لیستێک لە دوژمنانی ئێرانی وەک رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران رایگەیاند.
موحسین رەزایی دەڵێت، کوڕی سەدام حسێن، سعودیە و بارزانییەکان رۆڵیان لەم خۆپیشاندانەدا هەیە.
ئەمڕۆ شەممە ٦ی جانیوەری، دوای کۆبوونەوەی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران، موحسین رەزایی لە کۆگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئەندامانی بنەماڵەی سەدام حسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێراق، ئەندامانی بنەماڵەی مەسعود بارزانی وێڕای ئەندامانی سەر بە سعودیە، رێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، لە پشتەوەی ئەم رووداوانەی ئێرانن.
بە گوتەی ئەمینداری گشتی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان باڵای رژێمی ئێران، کۆی ئەم کەس و لایەنانە کۆبوونەوەکیان لە ژێر ناوی یەکگرتوویی ئەنجام بەخش لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بردووە.
رەزایی هەروەها دەڵێت، بەرپرسی مێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە هەولێر لە گەڵ بەرپرسی نوسینگەی کوڕی سەدام و هانی التفلا، برای هاوسەری سەدام و هەروەها نوێنەرێکی سعودیە، بارزانییەکان و موجاهدین کۆبوونەوە و پلانی ئەم رووداوانەیان داڕشت.
رەزایی بە بێ ئەوەی بەڵگەیەک دەربارەی ئەم قسانە خۆی بخاتە روو،هۆکاری نارەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئێرانی خستە پاڵ وڵاتانی بیانی.
پێشتریش، محەممەد جەعفەر مونتەزری، سەردۆزگەری گشتی ئێران رایگەیاندووە، ریشەی ئەم ئاڵۆزی و پشێویانە دەگەڕێتەوە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، مونتەزری گوتەیەتی، پلانداڕێژی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە، کەسێکی ئەمریکییە بە ناوی مایک دی ئەندریا، بەرپرسی دژە تیرۆر لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا. پلانی خستنی رژێمی ئێران لە لایەن سی.ئای.ئەی و موساد، داڕێژراوە وسعودیە لە رووی داراییەوە سپۆنسەریەتی.
ئەم جۆرە لێدوانانە بە ئاراستەی لێدوانی عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێراندایە کە گوتوویەتی، دوژمن لە پشتی پەردەی رووداو و ئاڵۆزیەکانی ئێرانە.
دوای تێپەڕبوونی ٩ رۆژ لە خۆپیشاندانی سەراسەری لە دژی حكومەتی ئێران، ناڕەزاییەکان دژ بە گەندەڵی و بێ کاری و گرانی و باری خراپی ئابوری لەم وڵاتە بەردەوامە.