نووچە-هەولێر
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، ئەوەی رێگری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات، گۆڕینی ئەو دۆخەیە کە ئێستا لە عێراق هەیە، ئەوەش لە رێگەی گرفتوگۆیەکی تەندروستانە دەبێت لەنێوان هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق.
مستەفا بۆچوونەکانی خۆی، رۆژی هەینی ٥ی کانوونی دووەم لە گۆڤاری (زە هیڵ)ی ئەمریکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت “سیاسەتە تایفەگەراییەکانی حکومەتی بەغدا وایکردووە، ئەو پێشکەوتنانەی لە کوردستان بەدیهاتن لە فرەحیزبی و بازاڕی ئازاد و درووستکردنی پردی پەیوەندی درووست لەگەڵ وڵاتانی جیهان، رەنگدانەوەیان نەبێ لەسەر ناوچەکانی تری عێراق”.
فەلاح مستەفا دەڵێت، شکستهێنانی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی کوردستان و دەسەلاتدارانی بەغدا وایکردووە، کوردستان بیر لە رێگایەکی دیکە بکاتەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ عێراق.
لە وتارەکەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە “گەلی کوردستان شوناس و کەلتوری تایبەتی خۆی دەپاریزێ، کە بریتییە لە فرەیی و دیمکراسییەت و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، بێبەشکردنیشمان لەم تایبەتمەندییانە دەبێتەهۆی بەرەنجامی نەخوازراو”.
فەلاح مستەفا هەروەها دەڵێت”ئەگەر بمانەوێت لەگەڵ عێراق بمێنینەوە، ئەم دۆخەی ئێستای عێراق پیویستی بە گۆڕینە، ئێمە تا ئێستا ئەو مافانەمان پێندراوە کە پێویستە پێمان بدرێن لە چوارچێوەی عێراقدا”.
بەرپرسە باڵاکەی کوردستان دەپرسێ “ئاییندەی کوردستان چی دەبێ، ئەگەر لەمافی سەربەخۆیی بێبەش کراین و جێگرەوەش دیارینەکرێ بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە عێراقدا؟”.
فەلاح مستەفا داوا لە حکومەتی ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کە ئەم دۆخەی ئیستا لە ئاستێکی باڵادا چارەسەربکەن و هەست بە مەترسیی دۆخی ئێستا بکەن، بۆ ئەوەی رێگەنەدرێ فەوزا و بێسەروبەریی زیاتر پەرەبسێنێ.
هاوکات وڵاتان ئاگاداردەکاتەوە کە “ئەو ناونیشانانەی میدیاکان کە وێنەیەکی درەوشاوە درووستدەکەن، بۆ دۆخی ئێستای عێراق و بە ئەرێنی باسیدەکەن، خزمەتی دۆخەکە ناکەن و بەشێوەیەکی دروست وێنای ئەو ململانێ قوڵانە ناکەن، کە سەرتاپای عێراق پێیانەوە دەناڵێنێ. پێشاندانی پێچەوانەی ئەم راستییە، وادەکات لە ئاییندە گرفتی گەورەتر بقەومێن”.
هەروەک داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، پشتیوانییەکانیان بۆ هەموو عێراق بێ نەک تەنیا بۆ بەغدا و لەسەر حیسابی کوردستان.
فەلاح مستەفا ئاماژە بە پەیوەندی نێوان پێکگایەکان دەکات “کورد و شیعە و سوننە لە عێراقدا، پێویستیان بە رێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییانە هەیە کە پێکیان دەبەستێتەوە. ئەم حاڵەتەی ئێستا هەیە، گرژی زیاتری لێدەکەوێتەوە لەنێوان ئەو سێ پێکهاتەیە و گروپەکانی نێویان. بۆیە کۆنفیدراڵیزم گونجاوترین رێگەیە بۆ تێپەڕاندنی گرفتەکانی نێوان ئەو سێ پێکهاتەیە”.