پەرلەمانتارێک: دەبێت حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم گفتوگۆ بکات نەك حزب

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەردانی شاندە هاوبه‌شەکەی گۆڕان، كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی بۆ بەغدا بۆ موزایەدە و بانگەشی هەڵبژاردنە.

ئیواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٣-١-٢٠١٨، وه‌فدێكی هاوبه‌شی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، به‌بێ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی کوردستان، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان چوونە به‌غدا.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی سەردانی شاندی سێ لایەنی سیاسی هاوبه‌ش بۆ بەغدا رایگەیاند “ئەوەی، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەوەی ئەوان هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسانە و نایاساییە، چونکە ئەوە کاری حزب نییە لەگەڵ حکومەتی عێراق دابنیشێت و باسی کێشەکانی حکومەتی هەرێم بکات، لەکاتێکدا ئەوان لە حکومەت کشاونەتەوە”.   

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی لەبارەی بەڵێنی حەیدەر عەبادی بۆ شاندەکە، گوتی “هەڵبژاردن لە پێشە و ئەوان بۆ موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن چوون، دەیانەوێت ئەگەر حکومەتی عێراق موچە بنێرێت، وەکو دەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان باسی بکەن، بەڵام ئەمەشیان پێناکرێت، لەبەر ئەوەی عەبادی ناتوانێت هیچ بەڵێنێکی ئەوان جێبەجێ بکات”.  

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، کە عەبادی ئێستا لەژێر گوشاری نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم گفتۆگۆ بکات و موچەی خەڵکی کوردستان بنێرێت.

هەروەها فەرحان جەوهەر دەڵێت “ئاساییە هەر حزبێك لەگەڵ هەر حزبێکی تر کۆببێتەوە، بەڵام ناکرێت بەناوی خەڵکی کوردستانەوە بێت؛ بۆیە ئەو سەردانەی ئەوان لەم کاتەدا تەنها گەمەیەکی سیاسییە و هیچی لێ سەوز نابێت، پێویستە حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم گفتوگۆبکات، نەك حیزب”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com