نوچەنێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرهەمێهێنان و فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی عەبادی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانی خۆیدا كۆمەڵێك زانیاریی ناڕاستی دەربارەی چەند پرسێكی پەیوەندار بە هەرێمی كوردستانەوە خستووەتەڕوو.
رۆژی چوارشهممه 3-1-2018، سهفین دزهیى، گوتهبێژى حكومهتى ههرێمى كوردستان وهڵامى دوایین لێدوانهكانى حهیدهر عهبادى، سهرۆكوهزیرانى عێراقى دایهوه و رایگەیاند “لە كاتێكدا هەوڵێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دەسپێكردنی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە، هەروەها دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو چەند ئاماژەیەكی ئەرێنیمان لە بەغداوە بینی و هەستمان بە كەشێكی ئەرێنی بۆ دەسپێكردنی دیالۆگ كرد و شاندێكی حكومەتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، دیسان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا سەرۆكوەزیران بە زمانێك كە خزمەتی ئەو كەش و ئاڕاستە ئەرێنییە ناكات قسەیكرد و كۆمەڵێك زانیاریی ناڕاستی دەربارەی چەند پرسێكی پەیوەندار بە هەرێمی كوردستانەوە خستەڕوو”.
گوتهبێژى حكومهتى ههرێمى كوردستان دەڵێت “پێمانوایە دانیشتن و گفتوگۆی جددی، رێگەی راستی چارەسەركردنی كێشانە، نەك قسە و لێدوانی رۆژنامەوانی كەوا بۆ نزیكەی سێ مانگە بەردەوامە و بەكردەیی هیچی لێ بەرهەم نەهات”.
ئاماژە بەوەش دەکات “جاری دووەمە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانیدا عەبادی باس لە بەرهەمێهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و ژمارەی نادروست دەخاتەڕوو”. سەفین دزەیی لە چەند خاڵێکدا روونکردنەوە دەدات:
1. دواى ئهوهى سهرهتاى 2014 حكومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە هەناردەكردنی نەوت كرد و لەوساوە تا ئێستا داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچە خەرجدەكرێت.
2. هەردوو ساڵی 2014 و 2015 لە هەرێمی كوردستان به داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ مووچە بەبێ پاشەكەوت دراوە، ساڵانی 2016 و 2017 دوای پەیڕەوكردنی ناچاریی سیستمی پاشەكەوت، بڕی 12 ترلیۆن و 77 ملیار و 764 ملیۆن دینار بۆ مووچە خەرجكراوە كە ههمووى لهو داهاته بووە.
3. عەبادی دەڵێت، مانگی 10ـی 2017 هەرێمی كوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە. لای هەمووان ئاشكرایە، پاش رووداوەكانی 16-10-2017 هەردوو كێڵگەی ئاڤانا و بای حەسەن كە رۆژانە بە تێكڕای 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەبووە، كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی عێراق و كۆمپانیای نەوتی باكوور و لەوساوە هەناردەكردن لەو دوو كێڵگەیە راوەستاوە، لەو بەروارەشەوە ئیدی هەرێمی كوردستان داهاتەكەی بووەتە نیوە.
4. له دواى 16-10-2017ـهوه تا كۆتایى ساڵى 2017 تێكڕای ههناردهى نەوت لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە 265 ههزار و 970 بەرمیل نهوتى رۆژانه كە بە نرخی برێنت نەفرۆشراوە و داهاتهكهى ناكاتە 2 تریلیۆن دینار وەك عەبادی ئیدیعای دەكات.
5. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2014ـەوە تاكو كۆتاییی 2016 راپۆرتی مانگانەی بەرهەمهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی خستووەتەڕوو. لە سەرەتای ساڵی 2017یشەوە كۆمپانیای جیهانیی (دیلۆیت) وردبینیی تهواوى پرۆسهكه دهكات كه بەمزووانە راپۆرتی شەش مانگی یەكەمی 2017 دهخاتهڕوو. ئەو ژمارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویدەكاتەوە و سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێدەدات، وردبینی نەكراون و جێگەی گومانن، چونكه لە ساڵی 2016 بەدواوە ئەندامیەتیی عێراق لە دەستپێشخەریی شەفافیەتیی نێودەوڵەتی (EITI) بەهۆی جێبەجێنەكردنی پێوەرەكانی شەفافیەتی نەوتەوە هەڵپەسێردراوە.
6. موچەی یەك مانگی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 850 ملیار دینارە، لهگهڵ پاشەكەوتی ناچارییش ئینجا نزیكەی 600 ملیار دینارە بۆ ههر مانگێك، كهچى عەبادی دهڵێت تەنها 300 ملیار دینارە. ههروهها داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی كوردستانى بۆ سێ مانگی كۆتاییی 2017ـی بە 544 ملیار دیناری عێراقی دیاریكردووە كه نرخی نهوتى برێنته، له كاتێكددا نه نهوتى ههرێمى كوردستان و نه نهوتى عێراقیش به نرخى برێنت نافرۆشرێن!. نازانین سەرچاوەی ئەم زانیارییە ناڕاستانەی عەبادی چییە و چۆن دەتوانێت پشتڕاستی بكاتەوە؟!
7. بەراوردكردن و هاوتاكردنی تێچووی نەوت لە هەرێم و عێراق نادروست و ناڕەوایە، كە عەبادی بە 11 هەزار دیناری عێراقی داناوە. عەبادی خۆی باش ئەوە دەزانێت گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان گرێبەستی بەشداریكردنن لە بەرهەمهێنان، نەك گرێبەستی خزمەتگوزاری وەك ئەوانەی عێراق، كە تەمەنی بلۆكەكانی دەیان ساڵه. جگه لهوهى تەنها لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2018ی عێراقدا بڕی 28 تریلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ خەرجیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان له عێراق تەرخانكراوە، كهچى هیچ بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان دابیننەكراوە، پابەندیش كراوە رۆژانه 250 هەزار بەرمیل نەوت ههنارده بكات!.
8. لە بودجەی 2018ـى عێراقدا 334 ملیار دینار بۆ موچهى ههرێمى كوردستان دانراوه، كە بە پاشەكەوتیشهوه ئینجا دهكاته نیوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. ئهم رێژهیه لە بودجەی عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی 2017ـدا 497 ملیار دینار بوو، هۆكاری ئەم كەمكردنەوەیە دیار نییە، لە كاتێكدا ژمارەی فەرمانبەران هەمان ژمارەیە و هیچ گۆڕانكارییەك لە مووچە و دەرماڵەكانیاندا رووینەداوە.
9. لەگەڵ بڕینی بودجەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ناردنی بەرهەمی نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان راگرت كه مافی دەستووریی خۆیەتی بەپێی ژمارەی دانیشتوان، لە پاڵاوتنی نەوت لە عێراق سوودمەند بێت و پێویستی بە 300 ملیۆن لیتر سووتەمەنی هەیە، كهچى حكومهتى فیدراڵ تەنها بڕی 30 ملیۆن لیتری ناردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی تا ئێستا جووتیارانی هەرێمی كوردستان شایستەی داراییی خۆیان لە ساڵی 2014 تا 2017 وەرنەگرتووە كە دەكاتە 733 ملیار دیناری عێراقی.
10. هەرچی پەیوەندیداریشە بە ناردنی دەرمانەوە، لە ساڵی 2015ـەوە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، هیچ كاتێك هەرێمی كوردستان 100%ـی پشكی خۆی وەرنەگرتووە و ئەوەی وەریگرتووە بە تێكڕایی لە 60% تێپەڕی نەكردووە.
11. سەبارەت بە خەرجكردنی مووچەی هەندێك بەڕێوەبەرایەتیی دیاریكراو، وەك بەنداوەكان، رەگەزنامە و ئیقامەیش، ئەوانە هەر خۆیان فەرمانگەی فیدراڵین لە هەرێمی كوردستان و بەپێی دەستوور مووچەیان لەسەر حكومەتی عێراقە. ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكانیش بەنموونە وەربگرین، ژمارەی فەرمانبەرانیان تهنیا 429 فەرمانبەرە و مووچەی مانگانەیان 389 ملیۆن دینارە.
رۆژی سێشممە 2-1-2017، سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندبوونی حکومەتەکەی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند و گوتی، بەڵێنی درۆ نییە، دەستمان پێکردووە و شاندمان ناردووە. گوتیشی: “بەپێی حسابی ئێمە لە بودجەی 2017دا کە 17% بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە ، هەرێمی کوردستان 300 ملیار دینار بەشی مووچەی مانگێکی دەکات”.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەی خۆیدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان گوتی: “ئێمە ئێستا لە بودجەی 2018دا بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتووان بودجەمان دیاریکردووە و ئەمە دادپەروەری تێیدایە، 17% لەسەر هیچ بنەمایەک نەبووە، پێشتر رێککەوتنی سیاسی لەسەر بووە، رێککەوتنەکە ئەوەبووە پشتیوانیم بکە و منیش ئەم بڕە پارەیەت پێدەدەم، من ئەو کارە ناکەم، پەرلەمان ئەمەیان رەتکردەوە و منیش رەزامەندیم لەسەر نەدا.