تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی بایكۆتی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانه‌وه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان نه‌كرا و دواخرا بۆ سبه‌ینێ.
بڕیاربوو ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٣-١-٢٠١٨ په‌رله‌مانی عێراق، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه یاسایی بودجه‌ی گشتی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق بكات، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنه‌كه كۆبوونه‌وه‌كه بۆ سبه‌ینێ دواخرا.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، نه‌جیبه نه‌جیب، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مان، سه‌باره‌ت به دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق بۆ سبه‌ی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق نه‌یتوانی كۆبونه‌وه‌ی یاسایی خۆی سازبكات به‌هۆی نه‌بوونی رێژەی یاسایی دانیشتنه‌كه‌وه، چونكه كورد و سوننه دژی ناوه‌ڕۆكی پرۆژه یاسایی بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراقن.
نه‌جیبه نه‌جیب راشیده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ست به‌دانیشتنه‌كانی بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكی پرۆژه یاساكه هه‌ر به‌م جۆره بێت، هه‌موو فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان بایكۆتی ده‌كه‌ن، چونكه پێشیلكاری زۆری تێدایه دژی هه‌رێمی كوردستان.