نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندبوونی بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند و گوتی، بەڵێنی درۆ نییە، دەستمان پێکردووە و شاندمان ناردووە. دەشڵێت “بەپێی حسابی ئێمە لە بودجەی 2017دا، کە 17% بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، هەرێمی کوردستان 300 ملیار دینار بەشی موچەی مانگێکی دەکات”.
روژی سێشەممە ٢-١-٢٠١٧، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ئێمە ئێستا لە بودجەی 2018دا بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتووان بودجەمان دیاریکردووە و ئەمە دادپەروەری تێیدایە ، 17% لەسەر هیچ بنەمایەک نەبووە ، پێشتر رێککەوتنی سیاسی لەسەر بووە ، رێککەوتنەکە ئەوەبووە پشتیوانیم بکە و منیش ئەم بڕە پارەیەت پێدەدەم، من ئەو کارە ناکەم ، پەرلەمان ئەمەیان رەتکردەوە و منیش رەزامەندیم لەسەر نەدا.
دەقی گوتاری حەیدەر عەبادی:
ئێمە پابەندین بە خەرجکردنی موچەی هەرێم، پابەندین و بەڵێنی درۆ نییە ، دەستمان پێکردووە و شاندمان ناردووە ، لیژنەی پسپۆڕ هەیە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی فەرمانبەران و میکانیزمی وردبینی-مان هەیە ، میکانیزیمی دیکەی وردبینی هەیە پەنای بۆ دەبەین بۆ دڵنیابوون لەو ژمارانە ، کێشەی گەورە لە ژمارەکانە ، بەڵام ئەو کێشەیە رێگریمان لێناکات لە خەرجکردنی مووچە ، هەندێک پێیوایە ئەمە بیانووە بۆ ئەوەی خەرجی نەکەین ، نەخێر خەرجی دەکەین ، بەڵام دەمانەوێت بە تەواوی لە ژمارەکاندا دڵنیابین ، لەکەرتی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی دەستمان پێکردووە ، چونکە ئەم دوو خزمەتگوزارییە سەرەکین بۆ هاووڵاتیانی کوردستان، ئەمە راست نییە کە کارمان لەسەر ئەوەکردووە و کار لەسەر ئەوانی دیکە ناکەین، بەڵام ئەمانە ژمارەیان زۆرە و پێویستمان بە هەوڵی زیاترە.
میکانیزممان هەیە کە چۆن ژمارەکە هەژمار دەکەین ، ئەم کارەش لەو چوارچێوەیەدا بە هاوکاری لەگەڵ هەرێم دەبێت ، پشتیوان بەخوا ئەو پارەیە خەرج دەکەین ، تەنیا دەمەوێت سەرنجێک بدەم ، کە پێشتر قسەم کردبوو ، لە بەرامبەردا هەرێم قسەی لەسەر کردووە ، ژمارەکانی ئێمە فەرمین و ئاشکران و پڕوپاگەندەی ئێمە نییە ، لە عێراقدا هەموو شتێک بڵاودەکرێتەوە لەبارەی هەناردەکردنی نەوت ، هەر یەکێک دەتوانێت بچێتە بانکی ناوەندی و ماڵپەری وەزارەتی دارایی ، هەروەها ئەنجوومەنی نوێنەران ئاگادارە لە رێگەی راپۆرتی مانگانەدا ، کە بەدیاریکراوی چەند نەوت هەناردە کراوە ، نرخی نەوتی هەناردەکراو چەندە ، چەند چووەتە نێو بودجەی عێراق ، تێچوونی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت چەندە ، لەمەدا دەگەیتە ژمارەی راستەقینەی داهاتی نەوتی ، ژمارەی راستەقینەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرزە ، تەنیا لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، مانگەکانی تشرینی یەکەم ، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ، هەرێم بە بەهای دوو تریلیۆن دینار نەوتی هەناردە کردووە ، واتە دوو هەزار ملیار دیناری عێراقی ، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتیش نزیکەی 313 ملیار دینار بووە ، واتە هەرێم تەنیا لە داهاتی نەوت نزیکەی 544 ملیار دیناری تەواوەتی دەستکەوتووە.
هەندێک دەپرسێت لەبارەی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت ، پێمان گوتوون ئێمە لە عێراق کۆمپانیای جیهانی نەوتمان هەیە ، هەروەها تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوتمان هەیە ، لێکی دەدەینەوە ، کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت چەندە ، تێچووی هەر بەرملێک 11هەزار دینارە ، هەمان هاوکێشە جێبەجێ دەکەین ، ئەو ژمارە فەرمییەی کە لە بەندەری جەیهان بڵاودەکرێتەوە دەزانین ، کە هەرێمی کوردستان چەند نەوتی هەناردە کردووە ، ئەوە دەزانین ئەو هێڵەی نەوت ، کە بە سنووری هەرێمی کوردستان درێژدەبێتەوە لە ساڵی 2003 بۆ تورکیا و لەو چوارچێوەیە نەوت هەناردەکراوە ، بۆیە 544 ملیار دینار ، بەپێی حساباتی ئێمە لە بودجەی 2017 دا کە پشکی هەرێمی کوردستان 17% بووە ، ئێمە ئێستا لە بودجەی 2018دا بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتووان بودجەمان دیاریکردووە و ئەمە دادپەروەری تێیدایە ، 17% لەسەر هیچ بنەمایەک نەبووە ، پێشتر رێککەوتنی سیاسی لەسەر بووە ، رێککەوتنەکە ئەوە بووە پشتیوانیم بکە و منیش ئەم بڕە پارەیەت پێدەدەم، من ئەو کارە ناکەم ، پەرلەمان ئەمەیان رەتکردەوە و منیش رەزامەندیم لەسەر نەدا ، تۆ دەتەوێت ئەمە بکەیت و تاوەکو لەگەڵ تۆبن و هەڵبژاردنی داهاتوودا ببیتە سەرۆکوەزیران و یاخود فڵانە کوتلە دەیەوێت ئەو کارە بکات ، ئەمە کارێکی پووچە ئەمەیە وڵاتی بە هەدەردا ، ئێمە ئەو کارە ناکەین.
هەندێک دەیانەوێت بودجە دوابخەن تاوەکو بەمشێوەیە پەسند نەکرێت ، هەریەک پاساوی خۆی هەیە ، بەڵام دەیانەوێت لەگەڵیاندا رێکبکەون تاوەکو 17%یان بدەنێ ، چونکە هەندێک لەمەدا پشکیان هەیە ، لە دزینی نەوتدا بۆ چەند ساڵێک ئەمانە پشکیان تێدا هەبوو ، بە ئاشکرا دووژمنایەتی دەکەن ، بەڵام شتێکی دیکە هەبووە ، هەندێک ئاماژەتان لەوبارەوە بینیوە ، تەنیا رامانگرت ، چەندین شتکی سەیر و سەمەرە دەرکەوتن ، ئەگەر ئەو پارەیە بۆ هاووڵاتیان بچێت ، ئەوا من لاریم نییە ، بەڵام ئەمە بوونی نییە ، ئێمە حسابی وردمان هەیە ، بەپێی حسابی ئێمە لە بودجەی 2017دا کە 17% بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە هەرێمی کوردستان 300 ملیار دینار بەشی مووچەی مانگێکی دەکات ، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە نەوتی هەناردەکراوە 544 ملیار دیناری تەواو دەستدەکەوێت ، کە زیاتر لە 80%ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات ، ئەمە وێڕای داهاتی دیکە وەک داهاتی گومرگەکان و باج کە نادرێتە حکومەتی ئیتیحادی- ئەمە لەنێو هەرێمە ، پێویستە گومرگ بۆ حکومەتی ئیتیحادی رەوانە بکرێت تاوەکو ئێستا نەهاتووە ، ئەمە جگە لە پێکهاتەکانی نەوت کە بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت لە هەرێمدا .
هەموو ئەو داهاتەنە حساب ناکرێت ، لەکاتێکدا حکومەتی ئیتیحادی دەرمان و پسووڵەی خۆراک و ، سووتەمەنی بۆ هەرێم دابینکردووە، بۆیە نازانین ئەو پارەیە بۆ کوێ دەچێت و بۆچی بۆ مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم خەرج ناکرێت ، ئێمە بانگەشە و پڕوپاگەندە ناکەین، بەڵکو بە ژمارەی فەرمی قسە دەکەین و تەنیا بەپێی ژمارەی فەرمی قسەدەکەین ، بۆیە داوا لە هەرێم دەکەین لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان هاوکاری تەواو بکات ، بەردەوامی بە هەدەردانی ماڵی گشتی رێگەی پێنادرێت ، گوێم لێبووە ، بەڵیندراوە ، کە ساڵی داهاتوو حیساباتی نەوتی پێشکەش دەکەن ، ئێوە سێ ساڵە لەوکاتەوەی داعش هاتووە دەستتان بەسەر نەوتی کەرکووک داگرتووە ، نەوتی کەرکووک بڕێکی زۆرە بۆ کوێ چووە و پارەکەی لە کوێیە و بۆچی ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر هەرێم نەبووە ، ئەو پارەیە بۆ کوێ چوو لەسەر چ ژمارەیەکی بانکییە ، لە چ شوێنێکە ، ئەمە پێویستی بە لێپرسینەوەیە ، من نامەوێت دۆخی کوردستان لەوەی ئێستا خراپتربێت ، بەڵام ئەگەر لێپرسینەوە نەکرێت لەسەر بە هەدەردانی ئەو پارەیە ئەوا ئەو بە فیڕۆدانە بەردەوام دەبێت ، هەرچی خەرج بکرێت بە هەدەردان زیاتر دەبێت ، من سوورم لەسەر ئەوەی مووچە بگاتە دەست ئەو هاووڵاتیانەی کە پێویستیان پێیەتی نەک بۆ گیرفانی هەندێک سیاسی و هەوادارانیان ، ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردنە و هەندێک گوشارمان دەکەنەسەر، بۆ ئەوەی هەر بەوجۆرە و بەبێ وردبینی پارە خەرج بکەین ، تاوەکو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەکاری بهێنن و نەگاتە هاووڵاتیان.