
مەلا بەختیار: یەکێتی دۆخی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقی هێور نەکردۆتەوە
نوچەنێت
مەلا بەختیار رەتیدەکاتەوە، وتبێتی یەکێتی دۆخەکەی هێورکردۆتەوە لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە, سوپاسی هێزی پێشمەرگە دەکات.
دوای ئەوەی راگەیاندنەکان و پەیجەکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە، کە مەلا بەختیار رایگەیاندووە، یەکێتی بووەتە هۆکاری هێوربوونەوەی کێشەی نێوان سوپاسی عێراق و هێزی پێشمەرگە، ئەنوەری حاجی عوسمان بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کوردستان، قسەکانی مەلا بەختیاری بە دوور لە راستی ناوبرد، مەلا بەختیار رونکردنەوەیەک رادەگەیەنێت و دەڵێت”ئێمە، رایدەگەیەنین کە: لە هیچ سایتێکدا، بۆهیچ راگەیاندنێک، ئەو لێدوانەى نەدراوە.بەڵام کە بارە گرژەکە دروست بوو، مەکتەبى سیاسى یەکێتى، هەڵوێستى وابوو کەناردنى هێز بۆزومارو دەوروبەرى هەڵەیە”.
دەقی رونکردنەوەکەی مەلا بەختیار
رونکردنەوەیەک لەسکرتێرى رۆژنامەگەرى هەڤاڵ مەلا بەختیارەوە
دەربارەى هەواڵێکى سایتى ئاوێنە
لەلێدوانێکدا، ئەنوەرى حاجى عوسمان، بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە کەلە سایتى ئاوێنە رایدەگەیەنێت کە: ئەگەر هێزەکانى پێشمەرگە نەبونایە بەدڵنیاییەوە لە ئێستادا هێزەکانى سوپاى عێراق ناوچەکانى زومار و خاپوریان داگیر کردبوو، باهیچ کەسیش خۆى نەکات بە خاوەنى ئەو بابەتە، وتەکانى هەڤاڵ مەلا بەختیار دوورن لە راستیەوە.ئێمە، رایدەگەیەنین کە: لە هیچ سایتێکدا، بۆهیچ راگەیاندنێک، بەرێز مەلا بەختیار، ئەو لێدوانەى نەداوە.بەڵام کە بارە گرژەکە دروست بوو، مەکتەبى سیاسى یەکێتى، هەڵوێستى وابوو کەناردنى هێز بۆزومارو دەوروبەرى هەڵەیە. هەوڵى خۆشمان، بە پێى مەسئولیەتى هاوپەیمانیمان، لە بەغداو کوردستانیش داوە، کێشەکە چارەسەر بکرێ.خۆشحاڵیشین هیچ روداوێک روى نەداوە. سوپاسى هێزى پێشمەرگەش دەکەین ئەرکى خۆیان راپەراندووە.
سکرتێرى رۆژنامەوانى هەڤاڵ مەلا بەختیار
29/7/2201