بەغدا جەخت لە سەر گفتوگۆی کارناسانە لە گەڵ هەولێر دەکاتەوە

0

نوچە-الصباح الجدید

گوتەبێژی دەوڵەتی عێراق دەڵێت، دەوڵەتی مەرکەزی پێیوایە، بە رێگەی گفتوگۆ وپێکهێنانی لیژنەی شارەزایان و کارناسان، چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بکرێت.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی دەوڵەتی عێراق رایگەیاند، کردنەوەی کەناڵی گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەتی مەرکەزی و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی پێویست  وهەنگاوێکی بەرەو ئاراستەی دروسی بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانە  کە لە ئەنجامی بەڕێوەچوونی گشتپرسی هەرێمی کوردستان، هاتۆتە ئاراوە.

حەدیسی هەروەها دەڵێت، تاکو ئێستا هیچ شاندێک بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ سەردانی بەغدای نەکردووە، بەڵام ئاگادارین کە لایەنە سیاسییەکان بڕیاریان داوە، کە گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا دەست پێبکەن و ئەمەش گرنگی تایبەتی بە خۆی هەیە.

گوتەبێژی دەوڵەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەغدا لەم دۆخەی ئێستادا جەخت لە سەر دەستپێکردنی گفتوگۆی کارناسانە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، تاکو بە رێگەی لیژنەی کارناسان کێشەکانی نێوان دوو لایەن چارسەر بکرێت.

بە گوتەی حەدیسی، دەروازە سنوریەکان، فڕۆکەخانەکان، کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان و بابەتی هەناردەکردنی نەوت، سەرچاوە ئاویەکان و چۆنیەتی دانەشكردنی موچەی فەرمانبەران کۆی ئەو کێشانەن کە دەبێ گفتوگۆیان لە سەر بکرێت.

حەدیسی هەروەها دەڵێت، هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستاش لە هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە و هەناردەکردنی نەوتیش بە بێ ئاگاداری حکومەتی ناوەندی، مانای نەبوونی شەفافییەتە لە لایەن هەرێمەوە.

لەبەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، گوتەبێژی دەوڵەتی بەغدا دەڵێت، تەنها چارەسەر ئەوەیە کە نەوتی هەرێم لە لایەن دەوڵەتی مەرکەزییەوە هەناردە بکرێت و دەوڵەتی مەرکەزیش بەرپرسایەتی دانی موچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، بگرێتە ئەستۆ.

ئەم بەرپرسەی دەوڵەتی عێراق، جەخت لەوەش دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەوڵیر رادەستی دەوڵەتی ناوەندی نەگرێت، گەشتە ئاسمانیەکان دادەخرێن، چونکە ئەم فڕۆکەخانانە نێودەوڵەتین  وکۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە هەیە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com